لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی پرۆژەیەکی ستراتیژی دەست پێ دەکاتەوە

لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆژەی ستراتیژی ئاوی ئاکرێ دەست پێ دەکاتەوە.

پرۆژەی ئاوی ئاکرێ لە یەک کاتژمێردا توانای بەرهەمهێنانی ٣٠٠٠ م٣ ئاوی هەیە و گوژمەی گشتیی پرۆژەکەش، نزیکەی زیاتر لە 100 ملیار دینارە و گرفتی کەمئاوی لە ئاکرێ چارەسەر دەکات.

لەم بارەیەوە ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بە یاوەریی ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و نزار تەمەر، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان و بەدواداچوون، بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون و بەدواداچوونی هەنگاوەکانی دەستپێکردنەوە و پەلەکردن لە تەواوکردنی پرۆژەی ئاوی ئاکرێ، سەردانی شاری ئاکرێی کرد و پرۆژەکەی بەسەر کردەوە.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بەشەکانی پرۆژەکەی بەسەر کردەوە و بەدواداچوونی بۆ کارەکان و گرفتەکانی پرۆژەکە کرد، ئاماژەی بەوە کرد پرۆژەی ئاوی ئاکرێ یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژی و گەورەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردەوام خۆی بەدواداچوون بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە دەکات.

ساسان عەونی ئاماژەی بەوەش کرد خۆشبەختانە ئێستا لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی كوردستان، پەلە لە تەواوکردنی دەکرێت و گرفتەکانی به‌رده‌م پرۆژەکە چارەسەر دەکرێن و لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا تەواو دەکرێت و ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتووانی شاری ئاکرێ و چەند شوێنێکی تری سنووری ئاکرێ دابین دەکات.

دواتر ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، لەگەڵ کۆمپانیاکانی جێبەجێکار کۆ بووەوە و باسی لە گرنگیی پرۆژەکە بۆ ئاکرێ و دەوروبەری کرد، له‌ به‌شێكی قسه‌كانیدا ئاماژەی بە پەرۆشی و جدیەتی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تەواوکردنی کردەوە و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد سه‌رۆكی حكومه‌ت دەیەوێت بەپەلە ئەو کارانەی ماون تەواو بکرێن و بخرێتە خزمەت دانیشتووانی ئاکرێ و دەوروبەری.

سەبارەت بە نۆژەنکردنەوە و گۆڕینی تۆڕی ئاوی ئاکرێش، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی کردەوە دوای تەواوبوونی پرۆژەکە، کاری ورد بۆ نۆژەنکردنەوە و گۆڕینی تۆڕی ئاوی شاری ئاکرێ دەکرێت.

ھەواڵی زیاتر