بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 24/8/2023، هاک فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە هەولێر.
هاکان فیدان لە فرۆکەخانەی نێودەولەتی هەولێر لەلایەن رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكومهتی ههرێمی كوردستان، سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، فەلاح مستەفا راوێژکاری سەرۆکی هەرێم و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر پێشوازی لێکرا، بڕیارە ئەمڕۆ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆببنەوە و گفتوگۆ لەبارەی چەند پرسێکی گرنگ بکەن، دیارترینیان، پرسی ئەمنی و ئابووری نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان.
ئەو سەردانەی هاکان فیدان، بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، یەکەمجارە دوای دەسبەکاربوونی وەکو وەزیری دەرەوەی تورکیا.
چەتینەر چەتین، رۆژنامەوانی دیاری تورکیا، لەبارەی سەردانەکەی فیدان گوتی: “هەرچەندە هاکان فیدان یەکەمجارە وەک وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی عێراق دەکات، بەڵام شارەزای سیاسەتی ناوخۆی عێراقە و لەو سۆنگەیەشەوە دەزانێت لە سەردانەکەیدا رووبەڕووی چی دەبێتەوە”، گوتیشی: تا کێشەی پەکەکە مابێت، پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراق كێشهی دهبێت.
روونیشیكردهوه: “یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ تورکیا پەکەکەیە، ئەم پرسە ماوە ماوە کێشە دەخاتە نێو پەیوەندییەکانی ئەنقەرە-هەولێر و ئەنقەرە-بەغدا. تا پرسی پەکەکە مابێت، ئەو پەیوەندییانە بەشێوەیەکی بەردەوام کێشەی تێدەکەوێت”.