چەند کادرێکی کۆمەڵی دادگەری بەیەکەوە دەستیان لەکار کێشایەوە

چەند کادرێکی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان، وەکو كاردانەوە بەرامبەر بە هەڵوێستی حیزبەکەیان لە كێشەكەی مەلا هەورامان گەچێنەیی، پەرلەمانتاری پێشووی كۆمەڵ لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستاندا، دەست لەكاركێشانەوەی بەكۆمەڵیان ڕاگەیاند.

دڵشاد كەمال، كادیری كۆمەڵ لە ئەورووپا، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاویكردەوە، ماوەی چەند ساڵێكە كێشەیەك لە نێوان هەورامان گەچێنەیی و حاجی عەتا بوونی هەیە، ”بە سیفەتی ئەوەی حاجی عەتا ئاوەڵزاوامە و لە نزیكەوە ئاگاداری ڕاستی و دروستیی كێشەكەم و دەزانم حاجی عەتا لەسەر هەقە و مافی پێشێل كراوە، بە داخەوە حزب و سەركردایەتیی كۆمەڵ نەیانتوانی بێلایەنیی خۆیان بپارێزن و بوونە لایەنگری لایەك.“

دەشڵێت ”حزب و بەشێک لە سەرکردایەتیی نەیتوانی كێشەی دوو لایەنگری خۆی چارەسەر بكات، ئیتر چۆن دەتوانێ كێشەی نەتەو ەو كۆمەڵگەیەك چارەسەر بكات؟“

لە بەشێكی دیكەی نووسینەكەیدا ئەو كادیرە پێشكەوتووەی كۆمەڵ رای گەیاندووە: ”من و چەند برایەک کە خەمخۆری ڕابوونی ئیسلامین لە مەڵبەندی ھەندارەن، دەست لەكاركێشانەوەی خۆمان لە ڕێكخستنەكانی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان ڕادەگەیەنین و وەك بێلایەن درێژە بە ژیانی ئاسایی دەدەین.“

ئەوەشی ئاشكرا كردووە: ”ئەم چەند برایە بە باشتریان زانی کە ناویان نەھێنرێت لە میدیا، لەبەر ئەوە ناوەكانیانم لە خوارەوە نەنووسیوە.“

پێشتر حاجی عەتا کە کاسبکارێکی خەڵکی سلێمانییە، مەلا هەورامان گەچێنەیی بە بردنی بڕی 250 هەزار دۆلار تۆمەتبار كردبوو، بەڵام كۆمەڵی دادگەری ئەو پرسەی یەکلایی نەکردەوە و دواتر بەڵگەکان لە سۆشیالمیدیا بڵاوکرانەوە.

ھەواڵی زیاتر