لە موقتەدا سەدرەوە بۆ سوێد و ئەمریکا: رێگە بە رەفتاری دژی ئیسلام نادەین
موقتەدا سەدر رایدەگەیێنێت کە ئەوان دژی حکومەتی سوێدن، “بەڵام لە دژی گەلی سوێد نین” و دەڵێت رێگە بە رەفتاری دژی ئیسلام نادەن و بە هەموو شێوەیەک لە دژی دەوەستنەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 20ـی تەممووزی 2023، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەرد لە گوتارێکدا سەرکۆنەی بێڕێزیکردن بە قورئانی پیرۆز لە سوێد کرد و گوتی، “سوێد دەوڵەتی تیرۆرە و رێگە بە رەفتاری دژی ئیسلام دەدات.” دەشڵێت، رێگە بە رەفتاری دژی ئیسلام نادەن و “لە دژی دەوەستینەوە”.
رێبەری رەوتی سەدر داوا لە وڵاتانی ئیسلامی دەکات “هەڵوێستی روونتر و تووندتریان هەبێت”. هاوکات، رووی دەمی دەکاتە ئەمریکا و دەڵێت، ئەمریکای “وڵاتی تیرۆر و هاوڕەگەزخوازیی بۆی نییە سەرکۆنەی هەڵوێستی ئێمە بکات”.
ئەوە لە کاتێکدایە، بەرپرسانی سوێد، رەزامەندییان دا لەسەر ئەوەی ئەمڕۆ پێنجشەممە لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە سوێد گردبوونەوەیەک بکرێت، تێیدا قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق بسووتێندرێن. ئەمەش کاردانەوەی عێراقییەکانی لێکەوتەوە و لە خۆپێشاندانێکدا کە لەلایەن لایەنگرانی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر رێکخرابوو، هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوێد و ئاگریان تێبەردا.
سەلوان مۆمیکا، هەما ئەو پەنابەرە عێراقییە تەمەن 37 ساڵەی کە رۆژی 28ـی حوزەیران، لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا، لە بەردەم گەورەترین مزگەوتی ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند، رۆژی پێنجشەممە لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە سوێد، دووبارە بێڕێزیی بەرامبەر بە پەرتووکە پیرۆزەکە کردەوە بەڵام نەیسووتاند.
ژێدەر
رووداو