باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عيراق ڕایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە وەزارەتی دەرەوە کرد، هەڵسوڕێنەری کاروباری عێراق لە باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد بکشێنێتەوە. هەروەک داوا لە باڵیۆزی سوێد دەکات خاکی عێراق بەجێبهێڵێت، ئەوەش لە وەڵامی ئەوەی حکومەتی سوێد دووبارە رێگەی داوە بە سووتاندنی قورئانی پیرۆز و سووکایەتییکردن بە پیرۆزییەکانی ئیسلام و سووتاندنی ئاڵای عێراق.
رۆژی 28ـی حوزەیرانى رابردوو، سەلوان مۆمیکا، کە پەنابەرێکی تەمەن 37 ساڵانی عێراقییە لە سوێد، لە بەردەم گەورەترین مزگەوتی ستۆکهۆڵمی پایتەختی ئەو وڵاتە کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند.
سەرەڕای ناڕەزایەتیی موسڵمانانی جیهان، حکومەتی سوێد جارێکی دیکە رێگەی بە مۆمیکا و هاوڕێیەکی داوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە کۆپییەکی دیکەی قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵم بسووتێنن.