رێبه‌ر ئه‌حمه‌د: كابینه‌ی نۆیه‌م رووبه‌ڕووی فشار و قه‌یرانی جۆراوجۆر بووه‌تەوە

وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، كابینه‌ی نۆیه‌م رووبه‌ڕووی فشار و قه‌یرانی جۆراوجۆر بووه‌وه‌.

له‌میانه‌ی پێشكه‌شكردنی گوتارێك له‌ مه‌راسیمی نمایشكردنی دیكیۆمنێتارییه‌كی تایبه‌ت له‌باره‌ی چوارساڵه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌م و رۆڵی به‌رچاوی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی، رێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، خودی سه‌رۆكوه‌زیران و كابینه‌كه‌ی رووبه‌ڕووی فشار و قه‌یرانی جۆراو جۆر بوونه‌وه‌، له‌وانه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆر و دابه‌زینی نرخی نه‌وت.

رێبه‌ر ئه‌حمه‌د رایگه‌یاند، كابینه‌ی نۆیه‌م رووبه‌ڕووی قه‌یرانه‌كانی هاوشێوه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا، وه‌ستانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و دابه‌زینی داهاتی ناوخۆ بووه‌ته‌وه‌، جیا له‌ به‌رده‌وامی كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵ و زیادبوونی فشاری ئابووری و سیاسی و به‌كارهێنانی دامه‌زراوه‌ فیدراڵییه‌كان بۆ فشاردروستكردن له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان به‌ گشتی و كابینه‌ی نۆیه‌م و سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی به‌تایبه‌تی، به ‌به‌كارهێنانی ئامرازه‌ ناوخۆییه‌كان له‌لایه‌ن به‌غدا و ده‌وروبه‌ر.

رێبه‌ر ئه‌حمه‌د گوتی: “ده‌ربازبوون له‌م هه‌موو فشار و قه‌یرانه‌، پێویستی به‌ هونه‌ر و زانستی سه‌ركردایه‌تی هه‌بوو، خۆشبه‌ختانه‌ جه‌نابی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی پشئه‌ستوور به‌ پرۆسه‌یه‌كی تۆكمه‌ی په‌روه‌رده‌ و پێگه‌یاندن له‌سه‌ر رێبازی بارزانی و قوتابخانه‌ی كوردایه‌تی، به‌ وره‌یه‌كی پۆڵاین رووبه‌ڕووی هه‌موو ئه‌و گرفت و قه‌یرانانه‌ بووه‌وه”‌.

وه‌زیری ناوخۆ سوپاسی خودا و گه‌ل و جه‌ماوه‌ری كوردستانی كرد و گوتیشی: “به‌ پشتیوانی دۆست و دڵسۆزانی هه‌رێم و خۆڕاگری و هێزی پێشمه‌رگه‌ و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان، له‌سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه‌ پشتیوانی و رابه‌رایه‌تی جه‌نابی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، وایكرد سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی به‌ سه‌ركه‌وتوویی و خۆڕاگری له‌و ئه‌زموونه‌ سه‌خته‌ ده‌رباز بێت”.

وه‌زیری ناوخۆ هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: “خۆڕاگری سه‌رۆكوه‌زیران بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه كه‌سێكه‌‌ خاوه‌نی دۆزێكه‌‌ و خه‌ون و ئامانجی گه‌وره‌ی هه‌یه‌، هه‌میشه‌ به‌ پلانی زانستی رووبه‌ڕووی به‌ربه‌سته‌كان بووه‌ته‌وه‌ و باوه‌ڕی به‌كاركردنی یه‌ك تیمی هه‌یه‌”.

ده‌شڵێت: “له‌چوارساڵی رابردوودا له‌سه‌ر بنه‌مای رێزگرتن له‌ رای جیاواز، له‌ناو ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، كه‌شێكی زۆر له‌باری دروستكردبوو، به‌جۆرێك هیچ بڕیاریكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی به‌ زۆرینه‌ و كه‌مینه‌ تێنه‌په‌ڕاندووه‌، به‌ڵكو زۆرترین كاتی بۆ گفتوگۆی ته‌رخانكردووه‌ و به‌هه‌مان ئاست پشتیوان له‌هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كان كردووه‌”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له‌ زۆربه‌ی سێكته‌ره‌كان سه‌رۆكوه‌زیران هه‌نگاوی جددی هاویشتووه‌ و زۆرترین گرنگی به‌ پڕۆژه‌ ستراتیژییه‌كان داوه‌ بۆ دروستكردنی ژێرخانێكی به‌هێز.

له‌باره‌ی پرسی چاكسازییه‌وه‌، وه‌زیری ناوخۆ روونیكرده‌وه‌، سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی پڕۆسه‌یه‌كی گرنگی چاكسازی ده‌ستپێكردووه‌، له‌ چوارساڵی رابردوو له‌سه‌ر بنه‌مای راستگۆیی ئازایه‌تی و دڵسۆزی و نیشتمانپه‌روه‌ری رووبه‌ڕووی قه‌یرانه‌كان بووه‌ته‌وه‌.

ھەواڵی زیاتر