وەزیری دەرەوەی عێراق، سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیلی دژبە فەڵەستین دەکات
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن بە توندی سەرکۆنەی بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیلی دژبە گەلی فەڵەستین کرد و جەختی لە هەڵویستی نەگۆڕی عێراق لە بەرامبەر مافی فەڵەستینییەکان لە دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە لەسەر خاکەکەیان کردەوە.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڵاوکراوەتەوە، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن و وەزیری دەرەوەی فەڵەستین، ریاز مالیکی لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە بزووتنەوەی وڵاتانی بێ لایەن کە لە شاری باکو پایتەختی ئازەربایجان بەڕێوەدەچێت، کۆبوونەوە.
لە میانی دیدارەکەدا تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و جەخت لە پێویستی بەهێزکردنی ئەو پەیوەندییانە کە لە بەرژەوەندی گەلانی هەردوو وڵاتەکەدا بێت، کراوەتەوە.
هەر لە میانی دیدارەکەدا فوئاد حوسێن بە توندی سەرکۆنەی بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیلی دژبە گەلی فەڵەستین کرد کە بووەتە هۆی کەوتنەوەی دەیان قوربانی لە رۆڵەکانی گەلی فەڵەستین لە شاری جەنین و کەمپەکانی لە چەند رۆژی رابردوودا، هاوکات جەختی لە هەڵویستی نەگۆڕی عێراق لە بەرامبەر مافی فەڵەستینییەکان لە دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە لەسەر خاکەکەیان کردووەتەوە، هەروەها ئیدانەی پەلامارەکانی ئیسرائیلی بۆسەریان کردووەتەوە و جەختی لە مافی فەڵەستییەکان لە بوونی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان کردووەتەوە.
وەزیری دەرەوەی عێراق داوای لە هێزە چاکەخواز و ئاشتیخوازەکان لە جیهان کردووە کاربکەن بۆ راگرتنی ئەو دەستدرێژییانەی ئیسرائیل، هاوکات داوای کردووە کە وڵاتان سەرکۆنەی تاوانە قێزەونەکانی ئیسرائیل بکەن و راشیگەیاندووە کە بەردەوامی ئەو پەلامارانە زیان بە هەوڵەکانی ئاشتی و سەقامگیری دەگەیەنێت کە گەلانی ناوچەکە کار بۆ چەسپاندنی دەکەن.
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی فەڵەستین، ریاز مالیکی سایشی هەڵویستی گەل و حکوومەتی عێراقی کرد لە سەرخستنی دۆزی فەڵەستین و پێشکەشکردنی قوربانی گەورە لە پێناویدا هەروەها جەختکردنەوەی بەردەوام عێراقی لە پێویستی پاراستنی مافەکانی فەڵەستین لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی بەرز نرخاندووە.