سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان چه‌ند فه‌رمانێكى هه‌رێمى كوردستان واژۆ ده‌كات

ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ 2023/7/2 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، فه‌رمانى هه‌رێمى بۆ دامه‌زراندنى (45) دادوه‌ر ده‌ركرد كه‌ ده‌رچووى خولى چواره‌مى په‌يمانگه‌ى دادوه‌رين و له‌ ماوه‌ى دوو ساڵدا له‌ڕووى زاستى و پراكتيكييه‌وه‌ بۆ پرۆسه‌ى دادبينى، ئاماده ‌كراون.

دواى گه‌يشتنى داواكاريى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌ريى هه‌رێمى كوردستان بۆ سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان به‌ دامه‌زراندنيان، دادوه‌ران له‌ ڕۆژى ده‌رچوونى فه‌رمانى هه‌رێمى و واژۆكردنييه‌وه‌ له‌لايه‌ن سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌، داده‌مه‌زرێن و دواى سوێندخواردنى ياسايى، له‌ دامو‌ده‌زگاكانى دادوه‌رى له‌ هه‌رێمى كوردستان، ده‌ستبه‌كار ده‌بن.

هه‌ر له‌م چوارچێوه‌يه‌دا (15) جێگرى داواكارى گشتى له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌ستبه‌كار ده‌بن كه‌ پێشتر فه‌رمانى دامه‌زرانديان له‌لايه‌ن به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ بۆ واژۆ كراوه‌.

دامه‌زراندنى دادوه‌ران و جێگرانى داواكارى گشتى وه‌ك پێويستييه‌كى له‌پێش دێت بۆ پڕكردنه‌وه‌ى بۆشايى له‌و بواره‌دا و خزمه‌تكردن و ئاسانكارى بۆ هاووڵاتييان له‌ بوارى دادبينيدا به‌تايبه‌تى له‌ شوێنه‌ دووره‌كان و له‌ سنوورى ئه‌و ناوچانه‌ى ئيداره‌ى تازه‌يان تێدا دامه‌زاروه‌ وه‌ك پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ و ئيداره‌ سه‌ربه‌خۆكان له‌ هه‌رێمى كوردستان.

هه‌ر ئه‌مڕۆ نێچيرڤان بارزانى، فه‌رمانى هه‌رێمى بۆ كردنى شارۆچكه‌ى خه‌ليفان به‌ قه‌زا و كردنى گوندى سرێشمه‌ به‌ ناحيه‌ واژۆ كرد و له‌مڕۆوه‌ فه‌رمانه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌. به‌م بڕياره‌ له‌ هه‌موو ڕوويه‌كه‌وه‌ ئاسانكارى و خزمه‌تێكى باشترى ناوچه‌ى خه‌ليفان و دانيشتوانى سنووره‌كه‌ ده‌كرێت.

ھەواڵی زیاتر