باشترە گۆشت بەکوڵاوی یاخود بە برژاوی بخورێت؟

بێگومان جەستە دەتوانێت سوود لە گۆشتی کوڵاو یاخود برژاو وەربگرێت، بەڵام باشترینیان ‘کوڵاندنی گۆشتە’، چونکە کوڵاندن بەراورد بە شێوازەکانی دیکەی ئامادەکردنی گۆشت سەلامەتترە لە هەر وردەزیندەوەرێک کە ئەگەری هەيە لەڕێگەی گۆشتەکەوە بگوازرێتەوە بۆ کەسەکە، چونکە ئەگەر گۆشتەکە لە کوشتارگەکان سەر نەبڕابێت ئەوا رێژەيەکی زۆر لە بەکتريا و ڤايرۆس لەسەر گۆشتەکە کۆدەبێتەوە لەو کاتەدا ئەگەر بێتو لەپلەيەکی گەرمیی دياریکراودا نەکوڵێندرێت و راستەوخۆ ببرژێندرێت و بکرێت بە کەباب ئەوا لە رێگەی گۆشتەکەوە هەر ”میکرۆبێکی” تێدابێت دەگوازرێتەوە بۆ کەسەکە و تووشی کێشەی تەندروستی وەکو ‘رشانەوە، سەرئێشە و سکچوون’ـی دەکات.

هەروەها ئەو دووکەڵی خەڵووزەی کە بەکاردێت لەکاتی برژاندنی گۆشتدا مادەی شێرپەنجەیی تێدایە و ئەگەر بەردەوام بەکاربێت ئەوا مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە زياددەکات، جگە لەوەش ئێستا دەرمانە قڕکەرەکان بەڕاستەوخۆیی و ناڕاستەخۆیی دەدرێت بە ئاژەڵ کە ئەمانەش مادەی شێرپەنجەيین و لەناو دووگ و گۆشتی ئاژەڵەکە دەمێننەوە، بۆيە زۆر پێويستە لەبەر ئەم هۆکارانە و بۆ ئەوەی بەدووربن لە زيانی ئەو مادە ژەهراويیانەی کە ئەگەری هەيە لەناو گۆشتەکەدا هەبێت، رێگەی کوڵاندن بەکاربێت و چەن جارێک ئاوی گۆشتەکە لەکاتی کوڵاندا بگۆڕێت، پێویستیشە لەپلەيەکی گەرمی دياری کراودا گۆشت بکوڵێندرێت.

دکتۆر گۆنا ئاوات عەبدوڵڵا
پزیشکی ڤێتێرنەری

ھەواڵی زیاتر