ئەمڕۆ پێنجشەممە 15/6/2023 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق كۆبووەوە كە لەسەر بانگهێشتی بەڕێزیان بۆ گفتوگۆكردن و هەنگاوەكانی ئامادەكاریی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان، سەردانی هەولێریان كردووە.
لە كۆبوونەوەكەدا كە خاتوو جینین پلاسخارت نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، جێگرانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، تیمێكی پسپۆڕی یۆنامی و سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمیسیارانی عێراق ئامادەی بوون.
نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە كە هەرچی زووە هەنگاو بنرێ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان. لەمبارەیەوە ئامادەییی سەرۆكایەتیی هەرێم و حكومەت و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستانی بۆ سەرخستنی پرۆسەكە دەربڕی.
لای خۆیەوە جینین پلاسخارت و تیمی یۆنامی پشتیوانیی خۆیان بۆ هەنگاوەكانی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی ڕاگەیاند و ئامادەیییان نیشان دا بۆ پێشكەشكردنی هاوكاری بۆ ئەنجامدان و سەرخستنی هەڵبژاردن.
دواتر سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق و ئەنجومەنی كۆمیسیاران، سوپاسی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستانیان كرد بۆ بانگهێشت وگرنگیدان بە ڕاگۆڕینەوە و گفتوگۆ، هەروەها ئامادەییان نیشان دا بەپێی یاسا و دوای دەستەبەركردنی پێداویستییەكان و ڕێككەوتن لەسەر كاتێكی گونجاو، هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان بەرێوە ببەن. لەمبارەیەوە بڕیار درا لە پەیوەندیی بەردەوامدا بن بەمەبەستی دیاریكردنی وادەیەك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.