مەسرور بارزانی: بەرنامەی حكومەت ئەوەیە هەموو كرێكارانی كەرتی تایبەت، لە دەستەبەری كۆمەڵایەتی تۆمار بكرێن

ئەمڕۆ چوارشەممە 6/14 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، لە شاری هەولێر سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی كرد و پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی کاروباری دەستەبەری کۆمەڵایەتی و بە دیجیتەڵکردنی ئەرشیڤەکەی بەسەر کردەوە. 
سەرۆکی حکومەت لە گوتەیەکدا ، ئاماژەی بەوە دا کە بەرنامەی حكوومەت ئەوەیە كە هەرچیی كرێكارە لە كەرتی تایبەت، هەموویان لە دەستەبەری كۆمەڵایەتی تۆمار بكرێن، 
ئەمەش دەقی گوتەی سەرۆكی حکومەتی هەرێمی کوردستانە:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

سەردانی ئێرەمان كردووە بۆ ئەوەی بزانین پرۆسەی دەستەبەری كۆمەڵایەتی چۆن بەڕێوە دەچێت، ئەمە پرۆژەیەكە بۆ زیاتر خزمەت گەیاندن بە هاووڵاتیان و بە تایبەتی كرێكاران كە لە كەرتی تایبەت ئیش دەكەن.
ئێمە بینیمان كە بە چ شێوەیەك ئەم دۆسیە و دۆكیۆمێنتانە هەموویان لە شوێنی جیاجیا هەن و لەوانەیە زۆر ماوەیەكی دوور و درێژی بوێ بۆ فەرمانبەرێك تا بتوانێ كار لەسەر ئەم فایلانە بكات. ئامانج لەم كارە ئەوە بووە كە ئێمە بتوانین هەموو ئەو دۆكیۆمێنتانە بە دیجیتاڵی بكەین و خزمەتگوزارییەكان ئاسان بكەین، هەم ئاسانكاریی بۆ حكوومەت بكرێ و هەم بۆ كرێكاران.
بەرنامەی حكوومەت ئەوەیە كە هەرچیی كرێكارە لە كەرتی تایبەت، هەموویان لە دەستەبەری كۆمەڵایەتی تۆمار بكرێن، كە ئەمە دەبێتە هۆكارێكی زۆری هاوكاریكردنی حكومەت و هەلی كار و هاووڵاتیانیش بۆ ئەوەی ڕوو لە كەرتی تایبەت بكەن. چونكە دەستەبەری كۆمەڵایەتی بۆ ئەوان لە كەرتی تایبەت مسۆگەر دەكرێ، پێویست نییە هەموویان ڕوو لە كەرتی گشتی بكەن بۆ ئەوەی دڵنیابن كە لە داهاتوودا مافیان پارێزراوە.
ئەمە ئامانجی سەرەكیی حكومەت بووە، ئامانجەكەش ئەوەیە كە ئێمە بتوانین ئەو ڕێژەیەی تاوەكوو ئێستا دەستەبەری بۆ كراوە كە وابزانم و ئەوەی بیستوومە تەنیا 10%ە، ئەمە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاد بكرێ و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكانیش چ لە وەزارەتەكان و چ لە كەرتی تایبەت، هەمووی هاوكاریی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بكەن بۆ ئەوەی لە دەستەبەری كۆمەڵایەتی خۆیان تۆمار بكەن.
ئەمە بێگومان یارمەتییەكی زۆری كرێكاران دەدات، لە هەمانكاتدا ئەو پێویستییانەی كە هەیانە بۆ دوای خانەنشینبوونیان، ئەمانە هەمووی زەمانەت و گەرەنتی دەكرێن. لە هەمانكاتدا ئەو بەشە پارەیەی كۆدەكرێتەوە، ئەمە باج نییە، یانی دەستەبەری كۆمەڵایەتی بەهیچ شێوەیەك باج نییە، بەڵكوو تەنیا گەرەنتیكردن و مسۆگەركردنی داهاتووی ئەو كەسانەیە كە لە كەرتی تایبەت ئیش دەكەن. ئەمە دەكرێ حكومەت سوودێكی تریشی لێ وەربگرێ و وەبەرهێنانی تێدا بكات، کە یارمەتییەكی زیاتری بووژانەوەی ئابووریی هەرێمی كوردستان دەدات. 
من بینیم و سەیرمان كردن كە بە چ شێوەیەك كاری جددی تێدا دەكەن، لەسەر ئاستی هەموو كوردستان بیستوومە كە زیاتر لە 40 هەزار دۆسیە هەن كە كاری تێدا دەكەن، لە هەولێر و لە پارێزگاكانی تر، دهۆك و سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆكان، لە هەموو ئەو شوێنانە خەریكن ئەوانەش بخرێنە پرۆسەكەوە كە كارێكی وردە، بەڵام بیستوومە لە ماوەی چەند مانگێكی داهاتوودا، ئینشائەڵا ئەم كارانە تەواو بكرێن. ئەمە ئاسانكارییەكی زۆر دەكات بۆ فەرمانبەرانیش، بۆ وەزارەت دەستەبەری كۆمەڵایەتیش هاوكارییەكی زۆر دەبێت، لێرەدا جێی خۆیەتی من سوپاسی بەڕێز وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و تیمەكەی بكەم، هەروەها سوپاسی فەرمانگەی تەكنەلۆژیا و زانیاریی بكەم، هەروەها ئەو تیمەی كە لە لای خۆشمەوە دەستنیشانم كردوون بۆ یارمەتیدان و هاوكاریكردن بۆ جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە.
هیوادارم ئەم پڕۆژەیە و هەموو پرۆژەكانی تر كە لە بەرنامە و ئەجێندای ئەم حكوومەتەدا هەن، لە زووترین كاتدا، جێبەجێ بكرێن بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین خزمەتێكی زیاتری هاووڵاتیان بكەین و ئەو دڵنیاییەی كە خەڵك و كرێكارانیش مەبەستیانە، پێیان بدەین و ئینشائەڵا هەر سەركەوتوو بن.

  • 1
  • 2
  • 3
  • 4
  • 5
  • 6
  • 7
  • 8
  • 9
  • 10
  • 11
ھەواڵی زیاتر