دەستگیرکردنی دوو تۆمەتبار بە تۆمەتی کوشتنی هاووڵاتییەک لە قەزای (حدیثە لە پارێزگای ئەنبار)
دوای ئەوەی زانیماریمان پێ گەیشت کە دوو کەس بە تۆمەتی کوشتنی هاووڵاتییەک داوا کراون لەلایەن دادگای لێکۆڵینەوەی (حدیثە)ی سەر بە پارێزگای ئەنبار، تۆمەتبارەکان هەڵاتوون بەرەو هەرێمی کوردستان و لە سنووری پارێزگای هەولێر نیشتەجێ بونە، بۆ ئەم مەبەستە لەلایەن تیمەکانمان لە (بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر)، دەستمان کرد بە ئەنجامدانی لێکۆڵينەوە و بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەی شوێنی تۆمەتبارەکان.
لەم چوارچێوەیەدا لە ڕۆژی ٦ی ٦ی ٢٠٢٣ توانیمان لە گوندێکی نزیک شاری هەولێر، هەردوو تۆمەتبار بە ناوەکانی (ع،أ،ب) و (ح،أ،ب) بە بڕیاری بەرێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر دەستگیر بکەین و لە کاتی دەستگیر کردنیاندا، چەکی جۆری (دەمانچە)یان لابوو.
تۆمەتباران لە لێکۆڵینەوەدا دانیان بە تاوانەکەیاندا نا، لە لایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەمانەوە ڕێوشوێنی پێویستیان بەرامبەر دەگیرێتە بەر.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر