جارێکی دیکە تاوەباران و هەورەبروسکە لەڕێگایە

کەشناسێک، “ھەورەبرووسکە و تاوەبارانی بەخوڕ لە سبەیدا چالاك دەبێت.”

ئەمڕۆ سێشەممە 30/5/2023، ئاراس جەبار، شارەزای بواری كەشناسی ڕوونی كردووەتەوە، سبەی لە ئەنجامی بەردەوامیی دۆخی ناسەقامگیری کەشوھەوا، ئاسمانی ھەرێمی كوردستان بە زۆری نیمچەھەور دەبێت، لەنێوان کاتەکانی بەیانی بۆ ئێوارە ناوبەناو لە ناوچە جیاجیاکانی سنووری پارێزگای ھەولێر، سلێمانی، دھۆک، ھەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەرین کەڵەکەھەور بەشێوەی چالاکبوونی ھەورەبرووسکە و تاوەباران چڕ دەبێتەوە، باران بە ڕێژەی جیاواز کاریگەری دەبێت، لە ناوچە شاخاوییەکاندا ڕێژەی باران زیاتر دەبێت.

ئەو شارەزایەی كەشناسی ئەوەشی خستووەتە ڕوو، پلەی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ، بە ڕێژەی 1 تا 2 پلە نزم دەبێتەوە، لە کاتی بارانبارین زیاتر نزم دەبێتەوە، هەروەها خێرایی با مامناوەند بۆ نیمچەبەھێز دەبێت.

ئاراس جەبار باسی لەوەش كردووە، لە کاتەکانی ئێوارە بەدواوە، ئەم دۆخە لە ناوچەکانمان کۆتایی دێت.

بەرزترین پلەی گەرمیی پێشبینیکراو بۆ سبەی چوارشەممە، بەم شێوەیەیە:

ھەولێر 32
سلێمانی 30
دھۆک 31
ھەڵەبجە 33
کەرکوک 36
گەرمیان 38

ھەواڵی زیاتر