وەفدێکی وه‌زارەتی سامانە سروشتیەکانی هەرێم لەبەغدایە

وەفدێکی هەرێم بەسەرۆکایەتی کەمال محەمەد وەزیری سامانەسروشتیەکان بەوەکالەت و غەزالە هوستانی بەڕێوەبەری گشتی گرێبەستەکان لە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان و چەند بەڕێوەبەرێکی گشتی وەزارەتەکە سەردانی بەغدایان کرد. تا ئێستا سەردانەکەیان بەنهێنی و دوور لە چاوی ڕاگەیاندن ئەنجامداوە.

ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، لە وێبسایتی فەڕمی خۆی هەواڵی هاتنی وەفدەکەی بڵاو کردووەتەوەو ڕایگەیاندووە ئەمڕۆ دووشەممە، ۲۹ی ئایار، فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری عێراق پێشوازی لە شاندی وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی هەرێم کردووەو گفتوگۆ دەربارەی چارەسەرکردنی کێشە یاسایەکانی تایبەت بەکۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێم کراوە.

تا ئێستا ڕوون نیە ئامانجی شاندەکەی هەرێم بۆ بەغداد چییە؟ بەڵام فشاری کۆمپانیاکانی نەوت لەسەر هەرێم بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوت و کێشەی شایستە کەڵەکە بووەکانی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنی نەوت گرفتی گەورەی وەزارەتی سامانەسروشتیەکانن.

لە تازەترین پێشهاتدا لە هەمواری پڕۆژە یاسای بودجە لەلیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە بڕگەیەکی تێدا جێگیر کراوە ڕێگا نادات حکومەتی هەرێم لە کێڵگەکانی خوڕمەڵە و کۆرمۆر و شێخان و باشیک نەوت و غاز بەرهەم بهێنێت. لانەبردنی ئەو بڕگەیە گرفتی گەورە بۆ هەرێم و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دروست دەکات.

ھەواڵی زیاتر