سەرۆک مەسعود بارزانی و شاندێكی هاوبەشی لاوانی دیموكراتی جیهان و كونگرێسی لاوانی كورد کۆبوونەوە
دەقی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی:
ڕۆژی یەكشەممە 28ی ئایاری 2023 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی لاوانی سیاسیی جیهان و كونگرێسی لاوانی كورد كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا مایکڵ دوست سەرۆکی لاوانی دیموکراتی جیهان لە وتەیەكدا باسی ویستی ڕێكخراوەكەیانی كرد بۆ قووڵكردنەوەی پەیوەندی و دۆستایەتی لەگەڵ گەلی كورد و پشتیوانیی ڕێكخراوەكەشی بۆ دۆزی گەلی كوردستان ڕاگەیاند و پێزانینیشی بۆ خەباتی گەلی كوردستان و قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان هەبوو لە شەڕی دژی تیرۆر و بەرگریكردن لە مرۆڤایەتی و هەروەها سەرسامی خۆشی بۆ فراوانبوونی فەرهەنگی پێكەوەژیان و پێكەوەهەڵكردنی نەتەوەیی و ئایینی لە هەرێمی كوردستان دەربڕی.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان كورتەیەكی لە مێژوو و خەباتی گەلی كوردستان لەپێناو گەییشتن بە ئازادی و پێكەوەژیان بۆ شاندی میوان خستەڕوو.