سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەبارەی ئەو گۆڕانکارییانەی لە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵیدا کراون دەڵێت، “ناپاکی و ستەمکاری و پیلانگێڕییە لە دژی هەرێمی کوردستان، بەڵام بە هەموو شێوەیەک ڕووبەڕووی ئەو پیلانگێڕییە دەبینە و ناهێڵین سەر بگرێت.”
ئەمڕۆ شەممە 27ـی ئایاری 2023، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سەردانی دەشتی زرارەتی لە پارێزگای هەولێر كرد و لە نزیکەوە، لە بارودۆخی جووتیارانی پرسی و بەشداری لە دروێنەکردنی دانەوێڵە لەو دەڤەرە کرد، کە هاوکاتە لەگەڵ پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، “لە دانیشتنێکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە جووتیارانی دەڤەرەکە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو هەوڵی دەخاتەگەڕ لە پێناو گرنگیدانی زیاتر بە کەرتی کشتوکاڵ و بەبازاڕکردنی بەرهەمی جووتیارانی کوردستان، بە شێوەیەک کە نابێت خەمی ساخکردنەوەی بەرهەمەکانیان هەبێت. “
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەداوە، “ئەو گۆڕانکارییانەی لە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵیدا کراون، ناپاکی و ستەمکاری و پیلانگێڕییە لە دژی هەرێمی کوردستان، بەڵام بە هەموو شێوەیەک ڕووبەڕووی ئەو پیلانگێڕییە دەبینە و ناهێڵین سەر بگرێت. ئەوەی جێی داخە ئەو دەستە ناوخۆییەیە کە بەشدارە لەم پیلانگێڕییە. لەوەش خراپتر، کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان بەدەسکەوت بۆ خۆیان بزانن. بەڵام دڵنیاتان دەکەینەوە ئەمە هەوڵێکی نەزۆکە و سەر ناگرێت.”