هەڵوێستی لایەنەکانی عێراقی بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان دوژمنکارانەن

هەڵوێستی لایەنەکانی عێراقی بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان، پێوەست بەو گۆڕانکارییانەی لە پڕۆژەیاسای بودجەدا بەرجەستە دەبێتەوە، هەڵوێستی دوژمنکارانەن، کاریگەری نەرێنییان پێش ئەوەی لەسەر لایەنە سیاسییەکانی هەرێم بێت، لەسەر ژیانی خەڵکی کوردستان دەبێت.

سزا داراییەکانی بەغدا تەنانەت لە بڕینی بەشەبودجەی هەرێمەوە لە ٢٠١٤دا، ئەوەندەی سزای دەستەجەمعی خەڵکی کوردستان بوو، سزایەکی سیاسی نەبوو بەرانبەر بە هێزە سیاسییەکانی هەرێم. بەغدا دەیتوانی و ئێستایش دەتوانێت سزای سیاسی بەسەر هێزە حوکمڕانەکانی هەرێم بسەپێنێت، بەڵام ئامانجەکە زۆر لەوە گەورەترە و ڕوو لە خەڵکی کوردستانە.

ئەوەی حوکمڕانانی کوردستان وەڵامگۆی داخوازی و نیگەرانییەکانی خەڵکی کوردستان نەبوون، هیچ کات پاساوێک نییە بۆ چاوپۆشی لە سیاسەتی نەیارانەی بەغدا بەرانبەر بە کورد.

لە بنەڕەتدا تێکەڵکردنی کێشەکانی حوکمڕانی لەناوخۆی هەرێم بە سیاسەت و هەڵوێستی بەغدا بەرانبەر گەلی کوردستان، بەشێکە لە پەردەپۆشکردنی مەیلێکی دوژمنکارانە لە بەغداوە.

بەداخەوە ئەوەی ئێستا لە بەغداوە بەرانبەر کوردستان ڕوودەدات، لە قووڵکردنەوەی ناکۆکییەکانی ناوخۆیی بەکاردەهێنرێت و گوزارشت دەکرێت، ئەوە لەلایەک بەهۆی کورتبینییەوە و لەلایەکی دی بەهۆی دەستەوەستانی خودی هێزە سیاسییەکانی هەرێم بەرانبەر بە بەغدا.

لەو دۆخەدا، هەریەک لە هێزەکانی ناوخۆ گوتاری خۆی لە وەبەرهێنانێکی ناوخۆییدا و بە ئامانجی رامکردنی جەماوەرەکەی بەکاردێنێت، بەو هۆیەشەوە لەبری چڕکردنەوەی سەرنج لەسەر بەغدا، سەرنجی خەڵک لەسەر ناوخۆی هەرێم و پێوەست بە کێشمەکێشی ناوخۆیی چڕ دەکەنەوە.

هەر چۆنێک بێت، هەرێمی کوردستان بە خەڵک و قەوارەکەیەوە لەبەردەم هەڕەشە و مەترسی سیاسەتێکی دوژمنکارانەیە، کێشەکانی ناوخۆ، لەوەی پێوەستە بە ئەدای خراپی حوکمڕانی و بەڕێوەبردن لەناوخۆی هەرێمدا، هێز بەو هەڵوێست و سیاسەتە دوژمنکارانەیە دەدات، کە لە بەغداوە ئاراستە دەکرێت.

رێبین فەتاح

ھەواڵی زیاتر