مەسرور بارزانی: یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خانەوادەی شەهیدان دروستدەکەین

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پانێڵێکدا لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی بیناسازی و ئاوەدانکردنەوە لە هەولێر رایگەیاند، داوامان لە شارەزایان و وەزارەتەکان کردووە پێوەری ستانداردی جیهانی لە پرۆژەکان هەبێت.

بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ بیناسازی و ئاوەدانکردنەوە کرایەوە و لە یەکەم رۆژی پێشانگەکەدا، مەسرور بارزانی رایگەیاند، “هەندێ بەرنامەمان هەبووە کە چۆن بتوانین بەبێ بەرامبەر یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان دروست بکەین”.

مەسرور بارزانی رایگەیاند “20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون خراوەتە تەندەر، هەندێ بەرنامەمان هەبووە کە چۆن بتوانین بە بێ بەرامبەر یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان دروست بکەین، لە سنووری دهۆک ئەوەمان کردووە و لە هەولێر خەریکە تەواو دەبێت، لە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی دیکەش دەیکەین”.

لەبارەی کوالێتیی بیناسازییەوە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی “هەرجۆرە بینایەک لە کوردستان دروست دەکرێت، دەبێ لەگەڵ سیمای کوردستان بگونجێت و ببێتە شتێکی دڵگیر، دووەم نابێ کەمی نرخ لەسەر حیسابی خراپیی کوالێتی بێت و دەبێ خەڵک متمانەیان هەبێت و خوانەخواستە تووشی بوومەلەرزەیەک بوو، توانای خۆڕاگریی هەبێت، نرخیش بە گوێرەی خواست دەگۆڕێت”.

پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ بیناسازی و ئاوەدانکردنەوە کە ئەمڕۆ بە سپۆنسەری میدیایی تۆڕی میدیایی رووداو کرایەوە، تاوەکو رۆژی هەینی 26ـی مانگی ئایار بەردەوام دەبێت.

لە پێشانگەکەدا 214 کۆمپانیا لە 15 وڵاتی جیاواز بەشداری دەکەن و بەگشتی رێژەی 80%ـیان نێودەوڵەتی و 20%ـیشیان کۆمپانیای نێوخۆیین.

مەسرور بارزانی لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا لە گفتوگۆ تایبەتەکەدا گوتی “ئەوەی لەسەر حکومەتە، داوامانکردووە جگە لە پێداچوونەوە بە ماستەرپلانی شارەکان، دەبێ رووبەری سەوزاییش لەبەرچاو بگیرێت و بۆ خەڵکی کەمئەندامیش دەبێ رێگەی هاتووچۆیان لەبەرچاو بگیرێت”.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان تیشکی خستەسەر مۆڵەتپێدان بە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون و گوتی “کە پرۆژەیەک پێشکێش دەکرێت، لیژنەی پسپۆڕ هەیە لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، ئەمانە پێداچوونە بە لایەنی سەلامەتی بیناکان و لایەنی تەندروستی و پێداویستییەکانی هاووڵاتی، ئاو و ئاوەڕۆ و سەوزایی دەکەن و، دەبێت رەزامەندی لە دەستەی ژینگە، وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی ناوخۆ وەربگرن، ئەگەر هەموو ئەوانە رەزامەندیی دەرببڕن، ئەوکاتە رێگە بە دروستکردن دەدرێت”.

مەسرور بارزانی گوتی “بۆ ئەوەی خەڵک سەردانی هەرێمی کوردستان بکات، دەبێت چەندین کۆمەڵگەی گەشتیاری دروستبکەین، وەکو ڤێلا، میوانخانە، هۆتێل، خانووی کرێ… ئەمانە هەموویان بە زانستییانە دیراسە کراون، جگە لەمانە بەپێی رێژە، دەبێ خزمەتگوزاری زیاتر بکرێت”.

پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ بیناسازی و ئاوەدانکردنەوە نزیکەی 400 بڕاندی جیاواز لەخۆدەگرێت، لە رۆژی یەکەمدا مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کردییەوە و لە گفتوگۆیەکی تایبەتدا بەشدار بوو، لە رۆژی دووەمیشدا قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەشدار دەبێت و رۆژی سێیەمیش وەزیرەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری دەکەن.

ھەواڵی زیاتر