ئەمڕۆ یەکشەممە 21ـی ئایاری 2023، هەردوو مەکتەب سیاسی پارتی و یەکێتی لە پیرمام بۆ تاوتوێکردنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و پرسی پێکهاتەکان کۆبوونەوە.
دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکە؛ هەردوولا لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا ئاماژەیان بەوەکردووە، ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا، پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی و ژمارەیەک پرسی دیکەی پەیوەست بە بارودۆخی هەرێمی کوردستان، تەوەری گفتوگۆکان بوون و “لێکتێگەیشتنی ئەرێنی بۆ زۆر لە پرسەکان هەبوو”. ئاماژە بەوش دراوە، “هەندێک بابەتی دیکە کە پێویستییان بە گفتوگۆی زیاتر هەبوو، لە کۆبوونەوەکانی ئاییندەدا بڕیاری پێویستیان لەسەر دەدرێت”.
ئەم کۆبوونەوەیەی نێوان پارتی و یەکێتی دوای ئەوە دێت کە 16ی ئەم مانگە شاندی هەردوولا لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی کۆبوونەوە و لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا رایگەیاند: “هەردوو لا بڕیارماندا وەک یەک تیم کار بکەین و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی دیکەش ئەنجامبدرێت بۆ فەراهەمکردنی کەش و هەوای لەبار لە رووی یاسایی و سیاسییەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و رووبەڕووبونەوەی ئەو تەحەدیاتانەی لە ناوچەکەدا هەن”.