یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا: پەیوەندی ئەمەریکا و کوردستان بە بەهێزی دەمێنێتەوە

شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، بەسەرۆکایەتیی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لێ کرا و بەیەکەوە کۆبوونەوە.

پاش کۆبوونەوەی نێوانیان و بەپێی راگەیەندراوی پێگەی فەرمیی حکومەت، هەردوولا هاوڕابوون لەوەی کە “پێویستە بە زووترین کات، رێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی تایبەت بە نەوت جێبەجێبکرێت و هەناردەکردنەوەی نەوت، دەستپێبکاتەوە”.

لە کۆبوونەوەکەدا، یاریدەدەرەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، جەختی لە پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا کردەوە و لەبارەی پەیوەندییەکانیانەوە دەڵێت: بەردەوام فراوانتر دەبن.

لە کۆبوونەوەکەی نێوان یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەریەک لە باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا و کۆنسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادە بوون.

هەر لەبارەی کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوانیان، ‘وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا – کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست’ لە توویتێکدا ئاماژەی بە گرنگیی سەردانەکە کردووە و دەڵێت: چۆنیەتی دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیریی زیاتری ناوچەکە لەڕێگەی هاوکاری نێوان کوردستان و بەغدا و ئەمریکا، باسی لێوە کرا.

لەو کۆبوونەوەکەدا، “گفتوگۆ سەبارەت بە دۆخی هەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا” و لە ڕاگەیەندراوی پێگەی فەرمیی حکومەتیشدا هاتووە کە هەردوولا دووپاتیان کردەوە پێویستە ئەمساڵ هەڵبژاردن لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا بکرێت و سەرۆکوەزیرانیش “ئامادەیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پێشکەشکردنی هەموو کارئاسانییەک دەربڕی”.

کۆبوونەوەکە چەند تەوەرێکی دیکەشی لەخۆ گرتبوو لەوانە؛ چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و رێککەوتنی شنگال بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٤ـی ئایاری ٢٠٢٣

ھەواڵی زیاتر