ئاوات شێخ جەناب: بڕیارەکەی دادگەی پاریس خاڵێکی زۆر گرنگی بۆ کورد تێدایە

وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بڕیاری دادگەی نێوبژیوانی نێودەوڵەتیی پاریس خاڵێکی زۆر گرنگی بۆ کورد تێدایە، ئەویش ئەوەیە کە دادگەی پاریس پیشەسازی نەوتی هەرێمی کوردستانی بە شەرعی و رەوا زانیوە.
ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رێککەوتن لەگەڵ عێراق، لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمەوە دەستپێدەکات، کە هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەستیپێکرد، لە پێشینەی کارنامەی کابینەکەدا هاتووە (هەرواشمان گوت)، لە بەغدا سەرۆکوەزیران باسی ئەوەی کرد کە قووڵایی ستراتیژی ئێمە بەرەو بەغدایە و ئێمە ئامادەین کێشەکانمان چارەسەر بکەین و گفتوگۆ بکەین بە وەسیلەی رێککەوتن، لەوێوە دەستیپێکرد و لە راگەیاندنیش بڵاومانکردەوە کە لەسەر کێشەی نەوت ئامادەین رێکبکەوین، ئەگەر ئێوە (بەغدا) فایلی نەوت بە قەرز و کەموکوڕییەکانەوە وەربگرن.
ئاوات جەناب نووری دەڵێت “ئێمە چەند جارێک لەسەر بودجە رێککەوتنمان کردووە و ئەنجوومەنی وەزیرانیش رەزامەندی لەسەردا، بەتایبەتی بودجەی 2019-2020 ئەوەبوو کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی ئەوەی بەسەرهات، رێککەوتن لەسەر بودجەی 2021 و 2023یش کرا، رێککەوتنمان لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی کرد و پێش دروستبوونی ئەم کابینەیەی حکومەت، بە دەق رێککەوتووین”.
لەبارەی بڕیاری دادگەی نێوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریسیشەوە گوتی “بڕیاری دادگەی پاریس، دوور و نزیک پەیوەندیی بە دۆسیەتی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە نییە، پەیوەستە بە را جیاییەکی یاسایی نێوان عێراق و تورکیا، ئەوەش بەشێکی لە بەرژەوەندی تورکیا و بەشێکی دیکەی لە بەرژەوەندی عێراق دەرچووە. شتێکی زۆر گرنگیشی بۆ کورد تێدایە، ئەویش ئەوەیە کە دادگەی پاریس پیشەسازی نەوتی هەرێمی کوردستانی بە شەرعی و رەوا زانیوە، ئەمە خاڵێکی ئەرێنی بۆ کورد جێگیر کردووە”.

ھەواڵی زیاتر