بەیانی ئەمڕۆ لە گەڕەکی راستیی شاری هەولێر عەلی مەحموود ناسراو بە عەلی سیاسی، چالاکڤانی جینۆساید لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە دەستگیرکرا.
گوتەبێژی ئاسایشی هەولێریش دەڵێت، تۆمەتبارێکی لە ماڵەکەیدا داڵدەداوە بۆیە دەستگیرکراوە.
عەقید سەباح خدر، گوتەبێژی ئاسایشی هەولێر سەبارەت بە هۆکاری دەستگیرکردنی عەلی مەحموود راگەیاند: “داواکراوێک بەپێی مادە 406 لە یاسای سزادانی عێراقی، کە تایبەتە بە کوشتن لەلایەن عەلی مەحموودەوە لە ماڵەکەی داڵدەدراوە. داواکراوەکە دەستگیرکراوە و عەلی مەحموودیش بەتۆمەتی داڵدەدانی داواکراوەکە دەستگیرکراوە.”
عەلی مەحموود یەکێکە لەو نووسەرانەی بواری جینۆساید و زۆر جار جەخت لە بەسزاگەیاندنی ئەو کەسانە دەکات کە لە پڕۆسەی ئەنفال بەناوی “جاش و موستەشارەوە” بەشدار بوون، بەتایبەت ئەوانەی ناویان لە لیستی دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراقدا هەیە.
یەکێتیی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان لەبارەی دەستگیرکردنی عەلی مەحموودەوە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، “چالاکڤانی بواری جینۆساید و ئەندامی ئەنجوومەنی باڵا و ئەندامی دامەزرێنەری یەکێتیی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان عەلی مەحموود لە ھەولێر لە ماڵی خۆی رفێندراوە.”