ئومێد خۆشناو دەڵێت، ئەو کەسانەی بەیانی ئەمڕۆ هێرشیانکردووەتە سەر پارێزەرەکەی هەولێر، “کەسانی ناسراون” و دەستگیردەکرێن.
بەیانی ئەمڕۆ شەممە 15ـی نیسانی 2023، چەند کەسێک لە هەولێر هێرشیان کردە سەر پارێزەرێک بەناوی ‘محەممەد یابە سۆفی’ و، دوای ئەوەی زۆریان لێدا و قژیان تاشی، لە نزیک ماڵەکەی بەجێیان هێشت.
دواتر بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی پارێزەرەکە گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پارێزەرەکە پارێزەری لایەنێک بووە و لەلایەن کەسوکاری لایەنەکەی دیکەوە، رفێندراوە، هێرشی کراوەتە سەر و ئەشکەنجە دراوە.
پارێزگاری هەولێر، دڵنیایی دەدات کە تۆمەتبارانی ئەو رووداوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیردەکرێن، چونکە وەکو خۆی دەڵێت، “کەسانی ناسراون و بزر نین”.
ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ کەسێک ناتوانێت ئەو تۆمەتبارانە “داڵدە بدات” و لە هەرێمی کوردستان کەس لە یاسا بەرزتر نییە.