سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان هێرشکردنە سەر پارێزەرێک لە هەولێر ئیدانە دەکات

دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو لە شاری هەولێر هێرش کرایە سەر پارێزەرێک و ئەشکەنجە درا و سووکایەتیی پێ کرا، سەندیکای پارێزەرانی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ئەو هێرشەی بەتوندی ئیدانە کرد.

لە بەیاننامەکەی سەندیکای پارێزەراندا هاتووە: ”ئێمە وەک سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان، بەتوندى ئیدانە و سەرکۆنەى هێرشکردنە سەر پارێزەرى ڕاوێژکارى “محەمەد یابە سۆفى” دەکەین کە ڕۆژى هەینى ڕێکەوتى ١٤/٤/ ٢٠٢٣، لەلایەن تاقمە کەسێکەوە و بە بیانووى نایاسایی هێرشى کرایە سەر و پاش ئازار و ئەشکەنجەیەکى جەستەیی و ڕۆحی و شکاندنى سەر و ڕوخسارى، وەک سووکایەتى سەریشى دەتاشرێت.”

سەندیکای پارێزەران ڕوونیشی کردووەتەوە: ”پارێزەرى ڕاوێژکار “محەمەد یابە سۆفى” کە یەکێکە لە ئەندامانى سەندیکاکەمان، تا ئێستا و تەنیا لەپێناو پاراستنى مافە یاسایی و ئینسانییەکانى بریکاردار کارى پیشەیی خۆى ئەنجام داوە و داکۆکیى لە مافى بریکاردار کردووە، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا و بەپێى ماددەى ٢٢ى یاساى پارێزەرایەتى، “هێرشکردنە سەر پارێزەر وەک هێرشکردنە سەر دادوەر”ە و وەک پێشێلکردن و دەستدرێژیکردنە سەر دامودەزگا یاساییەکانى هەرێمى کوردستان هەژمار دەکرێت.”

جەختی لەوەش کردووەتەوە کە ”پێویستە دەزگا دادوەری و ئەمنییەکان، بە زووترین کات ئەنجامدەرانى ئەم تاوانە دەستگیر بکەن و ڕێکاری یاساییان بەرامبەر بگرنە بەر بۆ ئەوەى ڕێگە بگیرێت لە تاوانى هاوشێوە.”

سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان، ئەوەیشی ڕاگەیاندووە کە ”ئێمەش لەپاڵ پارێزەرى سکاڵاکار، سکاڵاى خۆمان دژى ئەنجامدەرانى ئەم تاوانە تۆمار دەکەین و گشت ڕێکارە یاساییەکان دەگرینە بەر.”

ھەواڵی زیاتر