ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

هەرێمی کوردستان چەندین ساڵە میوانداریی سەدان هەزار ئاوارەی ناوخۆی عێراق و پەنابەرانی وڵاتانی دەوروبەر دەکات و سەرەڕای بارودۆخی سەخت و قەیرانی داراییش، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەرکی سەرەکیی میوانداریکردنی دەیان کەمپی ئاوارە و پەنابەرانی لە ئەستۆ گرتووە و لەڕووی ئابوورییەوە تێچوونێكی زۆر كەوتووەتە سەر شانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
لای هەمووان ئاشكرایە ئەو سەدان هەزار ئاوارە و پەنابەرە، لە ترسی زۆرداری و تیرۆر و بەهۆی جیاکاری و سیاسەتی تایفەگەری و نەبوونی ئاسایش و ئارامی ، ناوچەكانیان جێ هێشتووە و ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و بەشی زۆریان لە كەمپەكان نیشتەجێ بوونە. حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سینگفراوانییەوە ، هەوڵی یارمەتیدان و بەهاناوەچوونی ئاوارەكانی داوە و ئەزموونێكی سەركەوتووی لە میوانداریی ئاوارەكان لەسەر ئاستی ناوچەكە خستووەتە ڕوو. هەروەها هەمیشە لەگەڵ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و سەربەرزانەی ئاوارە و پەنابەرانە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. بۆ ئەو مەبەستەش ، جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ ، باشترین نەخشەڕێگەیە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان و ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ژیانی ئاوارەکان و خەڵکی ناوچەکە. لەگەڵ ئەوەشدا لێكتێگەیشتنی باش لەنێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدڕاڵ بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ سەرجەم كێشەكان لە ئارادایە و ئەو چاوەڕوانییە هەیە كێشەی ئاوارەكان و گەڕانەوەی سەربەرزانەیان بۆ ناوچەكانیان چارەسەر بكرێت.
جێگەی داخە وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لەبری ئاماژەدان بە هۆكارە سەرەكییەكانی نەگەڕانەوەی ئاوارەكان و ئاستەنگەكانی بەردەم ڕێككەوتنی شنگال، كەوتووەتە موزایەدەكردن و بڵاوكردنەوەی قسەی نامەسئولانە و بێ بنەما لەبابەتی ئاوارەكان و بەكارهێنانیان بۆ مەرامی سیاسی. ئەم جۆرە دنیابینی و لێدوانانە شاردنەوەی خواستی ئاوارەكان و پەردەپۆشكردنی ڕاستیەكانە و، بە هیچ شێوەیەك خزمەتی دۆخی ئاوارەكان و ئاساییبوونەوەی ژیانیان ناكات. ڕاشیدەگەیێنین هۆكاری سەرەكیی نەگەڕانەوەی ئاوارەكان بە پلەی یەكەم ، بوونی كۆمەڵێك هێزی نایاساییە لە دەڤەری شنگال و جێبەجێنەكردنی ڕێككەوتنامەی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵە لەمەڕ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال. بەداخەوە هەتا ئێستا ، بەناوی ئاوەدانكردنەوە ، یارمەتیی ماددی پێشكەشی هێز و ملیشیا نایاساییەكان دەكرێت. ئەگەر وەزیری كۆچ و كۆچبەران و هاوئاوازەكانی هێندە ڕاستگۆن و پەرۆشی ژیانی ئاوارەكانن با بێن كار بۆ ئاساییبوونەوەی دۆخی شنگال بكەن، ئەو كات هەم ئاوەدانكردنەوە ئاسانتر دەبێ و هەمیش ئەو ئاوەدانكردنەوەیە لە خزمەتی ئاوارەكان و ئاساییبوونەوەی ژیانیان دەبێت.

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان
11-4-2023

ھەواڵی زیاتر