مه‌ولود چاوشئۆغلو: پارته‌كه‌ی تاڵه‌بانی هێلیکۆپتەریان بۆ تیرۆریستان ته‌رخانكردووه
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا رایده‌گه‌یه‌نێت، پارته‌كه‌ی تاڵه‌بانی هێلیکۆپتەریان لە فەرەنسا وەرگرتووە و بۆ تیرۆریستان تهرخانیانكردووه.
مه‌ولود چاوشئۆغلو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا به كه‌ناڵی atvـی توركی راگه‌یاند، به‌گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەستمانکەوتوون، لە ئیدارەی سلێمانی پارتەکەی تاڵەبانی هێلیکۆپەتەرەکانیان لە فەرەنسا وەرگرتووە و بۆ تیرۆریستان تهرخانیانكردووه.
ده‌شڵێت: “کۆنترۆڵی ئاسمان لەدەست ئەمه‌ریکایە و بۆیە ئەمه‌ریکا ئاگاداری ئەم گەشتانەن”.
چاوشئۆغلو هه‌روه‌ها گوتی: “بەشێوەیەکی بەردەوام باسی ئەوە دەکەین کە ئەمه‌ریکا و بەشێک لە وڵاتانی رۆژئاوا بەهەموو شێوەیەک پاڵپشتی پەکەکە و یەپەگە دەکەن، سەرۆک کۆماری توركیا لە دیدارەکەی لەگەڵ بایدن بە داتا ئاماژەی پێداوە”.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێ: “پوختەی رووداوی كه‌وتنه خواره‌وه‌ی هێلیکۆپتەرەکە بریتییه له‌وه‌ی، كه هێلیکۆپتەرەکە هی پارتەکەی تاڵەبانییە یاخوود هی ئیدارەی خۆجێیی سلێمانییە، هی پەکەکە و یەپەگە نییە، بەڵکو لەلایەن پارتەکەی تاڵەبانییەوە بۆیان دابینكراوه”.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا هه‌روه‌ها گوتی: “هیچ زانیارییەک لەبارەی بوونی فڕۆکە لەدەست پەکەکە و یەپەگە نییە، پرسیارمان لە هەواڵگری کرد ئەوانیش رایانگەیاند کە زانیارییەکی لەو جۆرە نییە، لە ئەنجامدا ئەو ئاسمانەی بەکاریان هێناوە ئاسمانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییە، ئەو فڕۆکەخانەیە بەکاردێنن کە هەموو کەس بەکاری دێنێت”.
چاوشئۆغلو گوتیشی: “لە پلاتفۆرمی جیا چەندین جار دووبارەمان کردووەتەوە، پەکەکە سلێمانی و بە تایبەتی پارتەکەی تاڵەبانیی بە تەواوی خستووەتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی، پەکەکە چووەتە نێو خاڵە ستراتیژییەکان و فڕۆکەخانەکان، نەیانتوانی بچنە هەولێر بۆیە بە چەندین شێوازی جیاواز هەوڵی لاوازکردنی هەولێر دەدەن، بەڵام لە سلێمانی دەتوانم بڵێم پەکەکە هەموو شوێنێکی کۆنتڕۆڵکردووە. بۆیە ئێمە ئاسمانی خۆمان داخست و هه‌ر فڕۆکەیەک لەوێ هەڵسابێت ناتوانێت بێتە نێو ئاسمانی ئێمەوە”.
له‌باره‌ی وه‌ڵامی یه‌كێتی سه‌باره‌ت به كۆنترۆڵكردنی حزبه‌كه‌یان له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه، چاوشئۆغلو ده‌ڵێت: ” کاتێک قسە لەگەڵ هەندێک کەسی ناو یه‌كێتی دەکەین، ئەوان دەڵێن پەکەکە بە تەواوی پارتەکەی کۆنترۆڵکردووە، ئەمە کێشەیەکی جدییە، پێویستە ئەوەش بزانن، ئەم تیرۆریستانە لە سووریا، قەندیل، شنگال و سلێمانی یان لە هەر کوێ بن بەئامانجیان دەگرین، ئەمە نابێتە هۆی رزگاربوونیان.
دواجار گوتی: “ئۆپەراسیۆنەکانمان بەردەوام دەبن، بانگەوازی عێراق دەکەین وەرن با پێکەوە ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدەین”.
له‌باره‌ی رێككه‌وتننامه‌ی شنگاله‌وه، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا ئاماژه به‌وه ده‌كات، عێراق نه‌یتوانی رێککەوتننامەی شنگال جێبەجێبكات، چونکە حەشدی شەعبی رێگری دەکات. ئێستا بۆچوونی جێبەجیکردنی رێککەوتنەکە و پاککردنەوەی ئەو ناوچەیە لەئارادایە.
ژێدەر
کوردستان24