تەقینەوەکەی لوبنان زیاتر لە ١٥ ملیار دۆلار زیانی هەبووە

میشێل عۆن، سەرۆکی لوبنان رایگەیاند، تەقینەوە گەورەکەی بەندەری بەیرووت زیاتر لە ١٥ ملیار دۆلار زیانی  بە وڵاتەکەی گەیاندووە.

سەرۆکی لوبنان رایگەیاند، “خەمڵاندنە سەرەتاییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە زیانەکانی تەقینەوەکەی بەندەرەکە سەرووی ١٥ ملیار دۆلارە.”

رۆژی ٤ی ئەم مانگە کۆگایەک کە دوو هەزار و ٧٥٠ تۆن نیتراتی ئەمۆنیۆمی تێدابوو، تەقیەوە و زیانی بە بەشێکی زۆری شارەکە گەیاند.

هاوکات زۆربەی وڵاتانی جیهان لە رێگەی پێشکەشکردنی هاوکاری لۆجستی، مرۆیی و دارایی هاوسۆزی خۆیان بۆ لوبنان دەربڕی و تا ئێستا سەدان ملیۆن دۆلار کۆمەکی پێشکێشکراوە.

هەروەها تەقینەوە گەورەکە ناڕازاییەکانی خەڵکی لوبنانی بەرامبەر گەندەڵی و خراپبەڕێوەبردنی وڵاتەکەیان زیاترکرد و داواکرا بەدواداچوونێکی نێودەوڵەتی بێلایەن بکرێت بۆ دۆزینەوە و سزادانی لایەنی بەرپرس لە تەقینەوەکە.

ھەواڵی زیاتر