دەقی قسەكانی مەسرور بارزانی لە پرێس كۆنفرانسە هاوبەشەكەی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی:
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
زۆر زۆر سوپاس جەنابی سەرۆك وەزیران
سوپاسی ئەو پێشوازییەی جەنابت و شاندی حكوومەتی فیدرالی دەكەم كە لە ئێمەتان كرد.
بێگومان ئەم ڕێككەوتنە، ڕێككەوتنێكی گرنگە بۆ هەموو خەڵكی عێراق، من لێرەوە دەمەوێ هەم دەستخۆشی لە جەنابت بكەم و سوپاسی جەنابت بكەم، هەروەها پیرۆزباییش لە هەموو خەڵكی عێراق و خەڵكی هەرێمی كوردستان بكەم بۆ ئەم ڕێككەوتنە گرنگە كە پێموایە دەتوانێ ببێتە بنەمایەك بۆ موازەنە و هەتا یاسای نەوت و غازیش، ئەگەر بە شێوەیەكی ڕێكوپێك جێبەجێ بكرێت، ئەمە وەكوو بنەمایەك بەكار بێت.
بێگومان دوای وەستاندنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، زیان تەنیا بە خەڵكی هەرێمی كوردستان نەكەوتووە، بەڵكوو زیان بە هەموو خەڵكی عێراق كەوتووە. ئێستا ئەو ئالیەتە بۆ دووبارە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، دەبێتە داهاتێكی زیاتر بۆ هەموو عێراق و هەموومان دەتوانین تێیدا سوودمەند بین.
لێرەوە دەمەوێ هەموو لایەك دڵنیا بكەمەوە كە لە سەرەتاوە نیەتی ئێمە بۆ ئەوە بووە كە ئێمە بگەینە رێككەوتنێكی باش لە نێوان حكوومەتی فیدرالی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەبێ ئەوەی ئێمە واز لە هیچ مافێكی دەستووریی خۆمان بێنین، بەڵكوو ئەم ڕێككەوتنە پتەوكردنی پەیوەندییەكانی حكوومەتی فیدرالی و هەرێمی كوردستانە لەسەر بنەمای دەستوور و ئەو یاسا بەركارانەی كە هەن.
لێرەوە من دەمەوێ سوپاسی جەنابی سەرۆك بارزانی بكەم بۆ ئەو متمانە و پشتیوانییەی بەردەوام بە ئێمەی هەبووە، هەروەها سوپاسی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بكەم بۆ پشتیوانیی بەردەوامیان لەم پرۆسەیە، سوپاسی هەموو ئەو بەڕێزانەش بكەم كە دەورێكی كاریگەر و ئەرێنییان هەبووە لە سەرخستنی ئەم پرۆسەیە. سوپاسی شاندی حكوومەتی فیدرالی دەكەم بۆ پشتیوانییان بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ شاندی ئێمە. هەروەها سوپاسی شاندی هەرێمی كوردستانیش دەكەم كە لەم ماوەیەدا بە شێوەیەكی زۆر چڕ توانییان ئەم گفتوگۆیانە بگەیەنن بە ئەنجام كە خێری هەموو خەڵكی عێراقی تێدا بێت.
جارێكی تر من دەستخۆشی و سوپاسی جەنابی سەرۆك وەزیران دەكەم، كە بە راستی وەكوو سەرۆك وەزیرانی هەموو عێراق كە بەرژەوەندیی هەموو خەڵكی عێراقی بە خەڵكی هەرێمی كوردستانیشەوە لەبەرچاو گرتووە و لەژێر چاودێریی بەڕێزیان ئەم ڕێككەوتنە كراوە. هیوادارم و دڵنیاشم كە سوودی بۆ هەموو خەڵكی عێراق دەبێت. جارێكی تر پیرۆزباییتان لێ دەكەم و دەستخۆشیتان لێ دەكەم.