ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/8/12 پەیوەست بە کێشە قەیرانەکانە هەنۆکەییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، بە سەرپەرشتی سەلاحەددین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو و بە ڕێگای ئۆنلاین کۆبویەوە و هەر لە دوای کۆبوونەوەکەش یەکگرتووی ئیسلامی ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە.
هەر لە دوای ڕاگەیەنراوەکەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا وەڵامی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی دایەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
حکومەتی هەرێمی کوردستان خوازیارە بە هاوکاریی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم، ئەم دۆخە سەختەی تەندروستی و دارایی و لێکەوتە سیاسییەکانی تێپەڕێنێت. ئەرکێکی نیشتیمانیی سەرشانی هەموو لایەکمانە کە دۆخی تەندروستیی هاووڵاتیان و بژێوی و ژیانیان، کە دەرەنجامی دۆخێكی نەخوازراون، نەکرێت بە کەرەستەی موزایەداتی سیاسی.
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی، پەیوەست بە کێشە و قەیرانە هەنوکەییەکان، بە شێوەیەکی ناواقعیانە کۆمەلێک تۆمەتی بێ بنەمایان ئاراستەی حکومەتی هەرێم کردووە. لە بارەی پەتای کۆرۆنا ، حکومەتی هەرێم هەر زوو رێکاری کاریگەری گرتەبەر، بەڵام بەداخەوە هەندێ هێز و لایەن هەوڵیاندا خەڵک لە دژی رێکارەکان هان بدەن و ئێستاش کە پەتایەکە تەشەنەی کردووە،
هەر ئەو هێز و لایەنانە دەکەونە وێزەی حکومەتی هەرێم.
لە بارەی ڕەوشی داراییش کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم هەموو هەولێکی لەگەڵ بەغدا داوە تاکو بە رێکەوتنێکی شایستە و دەستووری بگەین، بەڵام تاکو ئێستاش بەغدا خۆی لە گەیشتن بە رێکەوتنی کۆتایی دەدزێتەوە، زۆرێک لە هێزەکانی ناوخۆش بەردەوام، بەغدا هان دەدەن کە لەگەڵ هەرێم بە رێکەوتن نەگەن، تاکو دۆخی ناوخۆی هەرێم ئاڵۆزتر ببێت و ئەو هێزانە سوود لەو ئاڵۆزییانە وەرگرن، ئەمەش یاری کردنە بە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانی هەرێم.
حکومەتی هەرێم پێشوازی لە هەر پێشنیار و رێکار و بۆچوونێک دەکات کە لە خزمەتی هێورکردنەوەی دۆخەکە و تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە نەخوازراوانە بێت و بێگومان هەر هەوڵێکیش بۆ گرژی و ئالۆزیی زیاتر، لە بەرژەوەندیی هیچ کەس ولایەنێکدا نابێت و لێکەوتە نێگەتیڤەکانی بە زیانی هەموو هەرێمی کوردستان دەبێت.
د. جوتیار عادل
وتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان