پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی گۆڕان زانیاری نوێ لەبارەی پرسی نەوت لە نێوان هەرێم و حکومەتی ئیتیحادی ئاشکرا دەکات و دەڵێت: هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەستپێدەکاتەوە.
دلێر عەبدولخالق، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان رایدەگەیەنێت: لە دەرەنجامی گفتوگۆی نێوان وەفدی حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیتحادی، دوابەدوای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس، بڕیارە لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە، عێراق و هەرێمی کوردستان (٥٠٠) هەزار بەرمیل نەوت ڕەوانەی دەرەوە بکەن، لەو ژمارەیە (٤٠٠) هەزار بەرمیلی هەرێمی کوردستان و (١٠٠)هەزار بەرمیل نەوتی کەرکوکە.
وتیشی “پێویستە لە نزیکترین کاتدا، پڕۆسەی هەناردەکردنی ئەو نەوتە لەڕێگەی بەندەری جەیهانی دەستپێبکاتەوە، ئەوەش چەند بە لای هەرێمەوە پێویستە، ئەوەندەش بە بەلای حکومەتی ئیتحادییەوە گرنگە”.
ئەو پەرلەمانتارە بە ئاشکرای کرد، بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتو پڕۆژەی بودجەی ئیتحادی بچێتە ئەنجومەنی نوێنەران، ئاشکرایە بەهای ئەو (٥٠٠) هەزار بەرمیلە بەشێکە لە پڕۆژەی بودجەی فیدڕاڵی بۆ ساڵەکانی (٢٠٢٣، ٢٠٢٤، ٢٠٢٥)، بێ ئەو پرۆسەیە بودجەی گشتی دوچاری کورتهێنان دەبێت.
ئەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی گۆڕان جەخت دەکاتەوە کە هەرێم و بەغداد پێش بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس، لەسەر میکانیزمی بەیەکەوە ئیدارەدانی نەوتی هەرێم ڕێککەوتبون، بەڵام دوای بڕیارەکە، ئاستی داواکاری حکومەتی ئیتحادی بەرزبوەتەوە، بەشێوەیەک داوایکردوە:
ا/ فرۆشتنی نەوت بچێتەوە ژێر دەستی کۆمپانیای سۆمۆ.
ب/ لەبری دەستەواژەی «ئیدارەدان»، وەزارەتی نەوتی ئیتحادی «سەرپەرشتی» پڕۆسەکە بکات.
پ/ حکومەتی ئیتحادی بەرپرسیارێتی قەرزی کۆمپانیاکان لە ئەستۆ ناگرێت، کە بە زیاتر لە (٤) ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
ت/ جێگرێک لە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان/ حکومەتی هەرێم لە پشکی حکومەتی ئیتحادی بێت.
ج/ پێویستە نەوتەکە هەناردە بکرێت و وەزارەتی نەوت میکانیزمی خۆی بۆ ئەو پرۆسەیە هەیە.
دەشڵێت: لەبەرامبەردا، وەفدی هەرێم، پێداگیربون لەسەر ئەم خاڵانە:
1. بەهاوبەشی ئیدارە، نەک سەرپەرشتی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بکرێت.
2. وەک لە ڕێککەوتنی چوارچێوەی هەماهەنگی و ئیدارەی دەوڵەت هاتوە، پارەی نەوت لە حسابێکی بانکی لەژێر چاودێری و وردبینی حکومەتی ئیتحادی دابندرێت و تەنها حکومەتی هەرێم مافی خەرجکردنی هەبێت.
3. جێگرێک بۆ بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ لە پشکی هەرێمی کوردستان دابندرێت.
4. پەلە بکرێت لە دەرکردنی یاسای نەوت و گاز، بەشێوەیەک مافەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئیدارەدانی کەرتی وزە تێدا جێگیربکرێت، تائەوکاتەش هەردو حکومەت بەهاوبەشی ئیدارەی نەوتی هەرێم بدەن.
بەوتەی دلێر عەبدولخالق، دەرئەنجامی گفتوگۆکان تائێستا ئەوەیە کە هەردولا هاوبەشن لە پێویستی هەناردەکردنەوە، بەڵام هەردولا جیاوازن لە میکانیزمی هەناردەکردنەکە و ئالیەتی فرۆشتنی.