وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا رەتیکردەوە تورکیا لەلایەن لیژنەی دادوەریی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتیی پاریس لە دۆسیەی نەوتی نێوان (عێراق – تورکیا) بە 1.4 ملیار دۆلار سزادرابێت.
لەکاتێکدا سکاڵای عێراق لەسەر تورکیا بووەتە رۆژەڤ و بەشێک لە سەرچاوە میدیاییەکان باس لە سزادرانی تورکیا بە بڕی 1.4 ملیار دۆلار دەکەن، رۆژی چوارشەممە 29-3-2023، فاتیح دۆنمەز، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: “لە دۆسیەکەدا سزایەک بە ژمارەیەکی وەها نەبووەتە جێی باس.”
وەک فاتیح دۆنمەز دەڵێت، “راپۆرتێکی فراوان هەیە و لەوێدا چەند گەمارۆیەک هەیە. هەروەها سزایەکی تاکلایەنە لە ئارادا نییە. لە کۆی پێنج بابەت کە لەلایەن عێراقەوە بانگەشەی بۆ کرا، چواریان رەتکرانەوە و یەک دانەیان پەسندکرا. ئێمە داواکاریمان هەبوو و لە کۆی شەش داواکاری پێنجیان پەسندکران و یەکێکیان رەتکرایەوە.”
سەبارەت بە قۆناخی داهاتوو، فاتیح دۆنمەز رایگەیاند، لەگەڵ حکومەتی عێراق لێکتێگەیشتنیان هەیە و بیر لەوە دەکەنەوە “رۆڵێکی ئەرێنی” بەگوێرەی بڕیاری لیژنەی دادوەری بگێڕن.
هەروەها لەبارەی بوون یان نەبوونی دۆسیەی هاوشێوە بۆ گازی سرووشتیی ئێران، وەزیرەکەی تورکیا رایگەیاند، هیچ دۆسیەیەکی هاوشێوە لەبارەی گازی سرووشتیی ئێران نییە کە تورکیا تێیدا لایەنگر بێت.
رۆژی پێنجشەممە 23ی ئاداری 2023، دادگەی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی لە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا بڕیارێکی دەرکرد، کە بەگوێرەی بڕیارە نوێیەکە، تورکیا لەمەودوا بێ رەزامەندیی بەغدا، نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە ناکات، کە پێش بڕیارەکە رۆژانە لانیکەم 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەی بەندەری جەیهان دەکرا.
هەناردەکردنی نەوت و داهاتەکەی بە بڕبڕەی پشتی ئابووریی هەرێمی کوردستان دادەنرێت و لەماوەی 12 مانگی رابردووشدا، هەوڵەکانی حکومەتی بەغدا بۆ راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان چڕتر بوونەتەوە و یەکێکیش لەو هەنگاوانەی بەغدا گرتیەبەر، ئاگادارکردنەوەی کۆمپانیا بیانییەکان بوو، لەوەی لە ئەگەری فرۆشتنی نەوتی کوردستان بەشێوەیەکی سەربەخۆیانە، رووبەڕووی کێشەی یاسایی دەبنەوە.
لە مانگی شوباتی ساڵی 2022، دادگەی فیدراڵیی عێراق هەناردەی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ دەرەوە و سەرجەم گرێبەستەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان بە “نادەستووری” ناوبرد.
دادگەی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی لە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسایە؛ لە ساڵی 1923 دامەزراوە و 100 دادوەری هەیە و نوێنەرایەتیی 90 وڵات دەکات. دادگەکە چارەسەری کێشە ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان دەکات.
رووداو