پارتی وەڵامێکی تووندی یەکێتی دەداتەوە

بەناوی خودای گەورەو میهرەبان
جەماوەری خۆڕاگری کوردستان

دوای چەندین رۆژ لەدانیشتن و گفتوگۆی بەردەوام لە نێوان هێزە سیاسییەکانی پەرلەمانی عیراق ، دواجار بەرەبەیانی ئەمرۆ یاسای هەلبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و ئەنجومەنی نوێنەران و قەزاکانی عیراق دەنگی لەسەر دراو پەسەند کرا ،

وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان تەواوی هەوڵەکانمان خستە گەڕ لەپێناو زامن کردنی مافی دەنگدەرانمان لەهەرێمی کوردستان و کەرکوک و تەواوی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و تەواوی ناوچەکانی عیراق ،

بەشێوەیەک لەکەرکوک هەموو ئەو رێگرییانەی هەبوون بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا هەڵگیران و بۆ یەکەم جار سەرژمێری سالی ١٩٥٧ دەکریتە بنەما بۆ هەلبژاردنی داهاتوو ، بەمەش زامنی مافی دەنگدەرانی ئەو ناوچانەی بەهۆی سیاسەتی گۆرینی دیمۆگرافی لەکەرکوک دابڕابوون ، وەکو : ( چەمچەماڵ و کفری و کەلار و دووزخورماتوو )ناوچەکانی تر بکەین ، هەروەها بابەتی دابەشکردنی پۆستەکانی کەرکوک لەسەر بنەمای یەکسانی ٣٢٪ هەڵبگرین ، جگە لەوە زامنی دەنگی دەنگدەرانمان لە سنوری شارۆچکەی (سەرگەڕان) کرد لەرێگای ( بەردەرکردن / استثنا) کردنی ئەو شاروچکەیە لە سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ ، ئەمە جگە لەوەی تەواوی ئەو خێزانانەی بەهۆی سیاسەتی تەعریب لەکەرکوک ڕاگوازرابوون بەپێی مادەی ١٤٠ دیسان مافی دەنگانیان دەبیت ، هەروەها مادەی ٣٥ لەیاسای ژمارە ١٢ ی ساڵی ٢٠١٨ و مادەی ١٢ لەیاساییژمارة ١٤ ی سالی ٢٠١٩ هەڵگیران ، کە هەموویان رێگر بوون لەبەردەم هەڵبژاردنی کەرکوک ، بەوەش دەرفەتێکی زێڕ ین لەبەردەم هاوڵاتیانی کوردی شارەکە هەیە بۆ ئەوەی جارێکی تر پارێزگارێکی شەرعی بۆ ئەو شارە هەلبژێرن.

هەرلەبارەی ئاوارەکانی کەرکوک و سنجار زامنی دەنگەکانیان کرا بەوەی لەو ناوچانەی لێی نیشتەجێن دەنگی خۆیان بۆ شارەکەیان بدەن ،

لەبارەی کۆتایی مەسیحیەکانیش دووای هەوڵدانێکی زۆر سەرکەوتووبوین لەوەی مەسیحیەکانی کوردستان نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەبێت و خەڵکی تر لەجیاتی ئەوان نەچێتە پەرلەمانی عیراق.

بەڵام ئەوەی جێگای داخە لایەنێکی سیاسی کەخۆی بەشێک بووە لەدانوستانەکان و دەنگی لەسەر یاساکە داوە و هیچ هەڵوێستێکی فەرمیان لەسەر هیچ بڕگەو مادەیەکی تایبەت بە کەرکوک نەبووە ، بەڵام کاتێک گەیشتە ئەوەی لە دوواساتەکاندا لە چەند بڕگەیەکی یاساکە کە پەیوەندی نەبوو بە کەرکوکەوە لە بەرژەوەندی گروپێک درا کە هاوپەیمان و دۆستی ئەوانن و دژی خەڵکی هەرێمی کوردستانن ، هەر وەها لە پێناو هەندێک بەرژەوەندی و پەیوەندی ژێر بەژێری حزبی ، ئەو لایەنە سیاسیەی هەرێم دەستی کرد بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەی چەواشەکارانە و بێ بنەما ، دەیانەوێت بەو شێوەیە خەلک نائومید بکەن لەهەلبژاردن بۆ ئەوەی دۆخی شاری کەرکوک چاک نەبێت و لەژێر دەستەیی بمێنن و هەوڵەکانی پارتی بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی شارەکە بشێوینن ، کە ناتوانن ئەوە بکەن و سەرکەوتوەنابن.

لەکۆتاییدا پیرۆزبایی لەتەواوی خەڵکی کوردستان و کەرکوک و عێراق دەکەین و هیواخوازین هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی هەر لایەنێک قەبارەی راستەقینەی خۆی بزانێت.

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کورستان لە پەرلەمانی عێراق.
٢٠٢٣/٣/٢٧

ھەواڵی زیاتر