یەکەى نیشتەجێبوونی بێبەرامبەر بۆ کەسوکارى شەهیدان و زیندانییانی سیاسی دروست دەکرێت

بە پێی بڕیارى ژمارە ١٩١ـی ئەنجومەنی وەزیران، لە ڕێکەوتی ٢١ى کانوونی دووەمی ٢٠٢٢، بە هەماهەنگی لە نێوان وەزارەتەکانی کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، یەکەى نیشتەجێبوون (شوقە) بۆ کەسوکارى شەهیدان و جینۆسایدکراوان و زیندانییانی سیاسی و ئەوانەى تا ئێستا سوودمەند نەبوون، دروست دەکرێن.
لە بڕیارەکەدا هاتووە کە بەپێی شایستەبوون و پلەى سوودمەندبوون و بارى دارایی خێزانەکان، بە ئەوپەڕی خزمەتگوزاریی پێویستەوە، ئەو یەکانە دروست دەکرێن. لەوبارەیەوە، عەبدولڵا حاجی مەحموود، وەزیرى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان، بۆ پێگەى فەرمیی حکومەت زانیاری زیاتری خستووەتەڕوو.

لەبرى زەوی، یەکەى نیشتەجێبوون بۆ بنەماڵەى شەهیدان دروست دەکرێت
لەبارەى دروستکردنی یەکەى نیشتەجێبوون لە بری پێدانی زەوی بۆ کەسوکارى شەهیدان، وەزیرى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراون گوتی: “بابه‌تی یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون له‌م كابینه‌یه‌دا كاری له‌سه‌ر كرا و كۆنووس ئاماده‌كرا، له‌ كابینه‌كانی پێشوو زه‌وی به‌ كه‌سوكاری شه‌هیدان و زیندانیانی سیاسی ده‌درا. له‌م كابینه‌یه‌دا دوای گفتوگۆیه‌كی زۆر، ڕوون بووه‌وه‌ ئه‌و پڕۆسانه‌ی پێشتر ئه‌نجام درابوون، وه‌ك پێویست سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون، به‌هۆی ئه‌وه‌ی زه‌وییه‌كه‌ دره‌نگ بۆ كه‌سوكاری شه‌هید و زیندانیانی سیاسی ته‌رخان ده‌كرا. هه‌روه‌ها ئه‌وان مینحه‌یه‌كی پێویستیان نییه‌ و مینحه‌كه‌یان دیاری كراوه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ بیر له‌وه‌ كرایه‌وه‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی دیکە، ده‌رچه‌یه‌كی دیکە بدۆزینه‌وه‌. دوای ئه‌وه‌ی ڕاپۆرتێكمان پێشکەش بە ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران کرد، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خۆی پشتیوانی لێ كردین و پڕۆژه‌كه‌ی پێ باش بوو و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی ناو حكومه‌ت ڕاسپێردران بۆ دروستكردنی یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون له‌ بری پێدانی زه‌وی”.

یەکەکانی نیشتەجێبوون هەموو پارێزگاکان دەگرێتەوە
عەبدولڵا حاجی مەحموود ڕاشیگەیاند: “له‌م پڕۆژه‌یه‌دا ئەولەوییەت دیاری کراوە، به‌تایبه‌ت به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و شوقانه‌ی دروست ده‌كرێن، پله‌به‌ندییان تێدایه‌ و ڕه‌نگه‌ هه‌مووی به‌ یه‌ك ئاست دروست نه‌كرێن، ئه‌و یه‌كانه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه‌ له‌ شاره‌كانی هه‌ولێر، دهۆك و سلێمانی ئه‌ندازه‌یان بۆ داده‌نرێت و دروست ده‌كرێن، به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان دەبێت. ئێمه‌ ٢٠ هه‌زار فه‌رمانی وه‌زاریمان هه‌یه‌ بۆ پێدانی زه‌وی به‌ كه‌سوكاری شه‌هیدان، ئه‌م ٢٠ هه‌زاره‌ ده‌كرێته‌ یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون، به‌ڵام مه‌رج نییه‌ له‌ یه‌ك كات و له‌ یه‌ك شوێندا بێت، به‌ڵكوو له‌ ته‌واوی كوردستان ده‌بێت و به‌ گوێره‌ی كه‌سوكاری شه‌هیدانە كه‌ له‌ چ شارێك نیشته‌جێن. خۆشبه‌ختانه‌ كۆنووسه‌كه‌ ته‌واو بووه‌ و ڕه‌وانه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت په‌سندی بكات و له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا ده‌ست به‌ دروستكردنیان بكرێت و به‌پێی ڕێكاره‌كان و به‌پێی یاسا به‌سه‌ر كەسوکاری شه‌هیدان و زیندانیانی سیاسی و ئه‌وانه‌ی شایستەن دابه‌ش بكرێن”.

ئەرکی دارایی ناکەوێتە سەر کەسوکارى شەهیدان
لەبارەى لایەنی داراییی یەکەکانەوە، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان ڕاشیگەیاند: “به ‌دڵنیاییه‌وه‌ هیچ بارگرانییه‌كی ماددی ناكه‌وێته‌ ئه‌ستۆی كه‌سوكاری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و زیندانیانی سیاسی و به‌بێ به‌رامبه‌ر پێیان ده‌درێت. سه‌باره‌ت به‌ پله‌به‌ندی له‌ پێدانی ئه‌و یه‌كانه‌، سه‌ره‌تا پێشنیازمان كردووه‌ به‌وانه‌ بدرێت كه‌ خاوه‌نی كه‌مترین ده‌رامه‌تن. ئێمه‌ ڕێكارێك ده‌گرینه ‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی پله‌به‌ندی له‌ ئاستی ئابووریی كه‌سوكاری شه‌هیدان و زیندانیانی سیاسی بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوونیان پێ بدرێت. دیاریكردنی بارودۆخ و گوزه‌رانی كه‌سوكاری شه‌هید ئاسان نییه‌ و كاتی ده‌وێت.

چاکسازییەکانی کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان بەردەوامە
لەبارەى چاکسازییەکانی وەزارەتیش لە پرسەکانی پەیوەست بە شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانییانی سیاسی، عەبدولڵا حاجی مەحموود ڕایگەیاند: “دوای ده‌رچوونی یاسای چاكسازی كه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌رچوو، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران په‌یڕه‌وی بۆ ده‌ر كرد. ئێمه‌ له‌ وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان ئه‌ركی خۆمانمان به‌جێ هێناوه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش لیژنه‌ی باڵا و لاوه‌كیمان هه‌یه‌ و له‌ پارێزگاكانی هه‌ولێر، سلێمانی و دهۆك ده‌ست به ‌كار بوون‌ و له‌ سه‌رووی ‌ڕێژه‌ی ٢٠% چاكسازیمان له‌ دۆسیەى شه‌هیدان كردووه‌، هه‌روه‌ها ٩٥%ی چاكسازیمان له‌ زیندانیانی سیاسی كردووه‌. سه‌باره‌ت به‌ تاقانه‌كانی ئه‌نفالیش، سه‌رجه‌م دۆسیه‌كانمان یه‌كلایی كردووه‌ته‌وه‌.

وەزارەتی شەهیدان سکاڵای کەسوکارى شەهیدان وەردەگرێت
وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراون دەشڵێت:”لەبارەى سکاڵاى هەر کەسێک لەبارەى لێکەوتەى چاکسازییەکان، هه‌ر كه‌سوكارێكی شه‌هیدان و ئه‌وانی دیکەش كه‌ سكاڵایان له‌ چاكسازییدا هه‌بێت، ده‌توانن سكاڵا پێشكه‌ش بكه‌ن،‌ ئه‌ویش به‌پێی یاسای چاكسازی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت و وه‌ڵامی ده‌درێته‌وه‌. ئەگەر کەسوکاری شه‌هیدێك لای ئێمه‌ به‌ر یاسای چاكسازی كه‌وت و شه‌هیدانه‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شایه‌وه،‌ نووسراو ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی شه‌هیدان ده‌كرێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێ له‌ یاسایه‌كی تر سوودمەند بێت كه‌ لە وه‌زاره‌تی شه‌هیدان هه‌یه‌، یان جارێكی دیکە به‌پێی یاساكه‌ی خۆی، فه‌رمانی ناساندنەوەى وەکوو “شه‌هید”ی بۆ ده‌رده‌كرێته‌وه‌.

حکومەت و سەرۆکەکەى پشتیوانی بەردەوامی کەسوکارى شەهیدانن
لەبارەى پشتیوانییەکانی حکومەت و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان دەشڵێت: “‌سه‌رۆكی حكومه‌ت و سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كان، پرسه‌كانی وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان به‌ بایه‌خه‌وه‌ وه‌رده‌گرن و گرنگیی زۆری پێ ده‌ده‌ن. سه‌ره‌ڕای جه‌نگی داعش و خراپیی باری ئابووری، به‌ڵام له‌ لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زیره‌كانه‌وه‌، پشتیوانی له‌ وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان كرا. بۆنموونه‌ ماوەیه‌ك ڕێژه‌یه‌ك له‌ پاره‌ی سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كان بڕا، به‌ڵام هی وه‌زاره‌تی کاروباری شه‌هیدان و ئەنفالکراون وه‌ك خۆی مایه‌وه‌ و له‌م بڕیاره‌ هەڵاوێرد کرا. هه‌روه‌ها ١٩ ملیار دینار پاره‌ی قه‌رزی خوێندن هی كابینه‌كانی پێشوو له‌ لای حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی شه‌هیدان بوو، به‌ڵام سه‌رۆكی حكومه‌ت ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ئه‌و ١٩ ملیار دیناره‌ دا و پاكتاو كرا. هه‌روه‌ها ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ١٩ ملیار دینار وه‌ك پاره‌ی خوێندن دا.

حکومەتی عێراق لە قەرەبووکردنەوەی خەڵکی کوردستان کەمتەرخەمە
لەبارەى مافى دەستووریی قەرەبووکردنەوەى کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان لەلایەن عێراقەوە، عەبدولڵا حاجی مەحموود گوتی: “تا ئێستا‌ حكومه‌تی عێراق نه‌چووه‌ته‌ ژێر باری قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستان، كه‌ مافێكی ده‌ستووریی خه‌ڵكی كوردستانە. ئێمه‌ له‌م كابینه‌یه‌دا ده‌سته‌یه‌كمان پێكهێناوه‌ به‌ ناوی ده‌سته‌ی جینۆساید له‌ وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان، كه‌ داكۆكی لە کەیسی جینۆسایدی فه‌یلییه‌كان، بارزانییه‌كان، هه‌ڵه‌بجه‌ییەکان و ئێزدییه‌كان ده‌كات، ئه‌مانه‌ هه‌موویان پێویسته‌ له‌ لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌، به‌ڵام تا ئێستا‌ نه‌چووه‌ته‌ ژێر باری ئه‌و قه‌ره‌بووكردنه‌وانه‌. بۆیه‌ ئێمه‌ خه‌ریكی لۆبیكردنین له‌ ناوخۆ و له‌ ده‌ره‌وه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ پێویسته‌ نوێنه‌رانی كورد له‌ عێراق بێنه‌ سه‌ر هێڵ، بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌ت قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌كان ده‌ست پێ بكات، چونكه‌ كه‌یسه‌كان له‌ دادگا یه‌كلایی بوونه‌ته‌وه‌ و له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی عێراقه‌وه‌ بڕیاری بۆ ده‌رچووه‌. ئه‌و ده‌سته‌یه‌ی پێكمانهێناوه‌، به‌ سێ ئاراسته‌ كار ده‌كه‌ن، لۆبی ده‌كه‌ن، به‌دواداچوون بۆ ئه‌و كه‌یسانه‌ی كه‌ یه‌كلایی بوونه‌‌ته‌وه‌ و ئه‌و كه‌یسانه‌شی تا ئێستا‌ له‌ لایه‌ن دادگاوه‌ یه‌كلایی نه‌بوونه‌ته‌وه، دەکەن‌.


فەرمانگەی میدیا و زانیاری
١٦ی ئاداری ٢٠٢٣

ھەواڵی زیاتر