وەزارەتی بازرگانی عێراق ئاشکرای کرد، لە ماوەی ئەمساڵدا 12 بەشە خۆراک دابەشی سەر هاووڵاتییان دەکرێ.
محەمەد عامری، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای گشتی بازرگانی خۆراك لەوەزارەتی بازرگانی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: “وەزارەت چەندین ڕێوشوێنی گرتووەتەبەر بۆ كۆنترۆڵكردنی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراك و كاریگەرییان لەسەر هاووڵاتیان، لەوانە سەبەتەی خۆراك و پشكی چاودێری كۆمەڵایەتی و هەروەها دەست پێكردنی بەشی تایبەت بۆ مانگی ڕەمەزان”.
ئاماژەی بەوەشكرد: سەبەتەی خۆراك شەكر و ڕۆن و دۆشاوی تەماتە و برنج و پاقلەمەنییەكان لە نیسك و نۆک پێکدێت و دەكرێت ئەو ماددانە زیاد بكرێت، لەكاتێكدا پشكی چاودێری كۆمەڵایەتی شیر و چا و ئاردی سفری تێدایە جگە لە شەكر و ڕۆن”.
بەرپرسەکەی وەزارەتی بازرگانی ئاشكراشیكرد: “ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ئەوەی كە خێزانەكان بەپشكی ڕەمەزان یارمەتی بدرێت كە نیو كیلۆ نیشاستە و 5 كیلۆ ئاردی سفر و تەبەقەی هێلكە و كیلۆیەك شەعرییە لەخۆ دەگرێت و ئەم هەمەچەشنییەش تایبەتە بەخێزانی عێراقی”.
سەبارەت بە دابەشكردنی ئەو بەشەش عامری گوتی: “لە ماوەی ئەمساڵدا 12 بەشە خۆراک دابەشی سەر هاووڵاتییان دەکرێ”.