لێژنه‌یەک بۆ كاراكردنه‌وه‌ى كۆمیسیۆن پێکدەهێنرێت


ڕاگه‌یه‌ندراوێك له‌ سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه‌:

سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مانى كوردستان پابه‌نده‌ به‌جێبه‌جێكردنى یاسای به‌رده‌وامى خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان، ژماره‌ (١٢)ى ساڵى ٢٠٢٢ و زه‌مینه‌سازیى سیاسى و یاسایى بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى خولى شه‌شه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان له‌كاتى دیاریكراودا.

بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش وێڕاى پشتیوانیى ته‌واو له‌ ڕه‌وتى گفتوگۆكانى فراكسیۆن و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، پێشوازى له‌ به‌ره‌وپێشچوونى ڕێوشوێنه‌ و ته‌كنیكییه‌كانى ئاماده‌كردنى پڕۆژه‌ى هاوبه‌ش بۆ هه‌موارى یاسای هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ین، ڕایده‌گه‌یێنین كه‌ له‌ ئاستى زه‌مینه‌سازیى یاسایى، سه‌رجه‌م ئه‌و پێشنیازه‌یاسایانه‌ى كه‌ پێشتر له‌لایه‌ن فراكسیۆنه‌كانه‌وه‌ پێشكه‌ش كرابوون ئاراسته‌ى لێژنه‌ى یاسایى په‌رله‌مان كراوه‌، بۆ ده‌ستپێكردنى هه‌نگاوه‌ كردارییه‌ یاساییه‌كان و دروستكردنى سازانى نیشتمانى له‌نێوان فراكسیۆنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان.

له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ په‌رله‌مانى كوردستان ڕۆژى چوارشه‌ممه‌ ڕێكه‌وتى ٢٠٢٣⁄٣⁄١٥ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى ئاسایى بۆ پێكهێنانى لێژنه‌ى تایبه‌ت به‌ كاراكردنه‌وه‌ى كۆمیسیۆن ئه‌نجام ده‌دات.
بۆیه‌ داوا له‌ هه‌موو لایه‌ن و فراكسیۆنه‌كان ده‌كه‌ین، ده‌ستوبرد بكه‌ن له‌ گه‌یشتن به‌ لێتێگه‌یشتنى هاوبه‌ش له‌پێناوى خێراتركردنى پرۆسه‌ى ئاماده‌كاریى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن له‌مساڵدا.

سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان
١٣ی ئازاری ٢٠٢٣

ھەواڵی زیاتر