یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی 400 ملیارەکە رایگەیاند: “پارەکە بۆ مووچەی مووچەخۆران تەرخان دەکرێت.”
ئەمڕۆ دووشەممە 2023/3/13 وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، “لە چوارچێوەی رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق ئەمڕۆ بڕی 400 ملیار دینار گەیشتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان.”
رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەم بڕیارە لە مانگی 11 و 12ی ساڵی رابردوو دراوە، بەڵام دواتر لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق راگیرا و پارەکە نەهات بۆ هەرێمی کوردستان.
یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی، پاش راگرتنی پارەکە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە، بڕیاری دادگەی فیدراڵیشی بەسەردا هات، ”بۆیە حکومەتی عێراق چارەسەری یاسایی دۆزییەوە کە تووشی بەریەککەوتن نەبێت لەگەڵ بڕیاری دادگە و لەسەر ئەم بڕیارەی خۆشی سوور بێت کە پێشتر داوییەتی.
رێباز حەملان وتیشی: “ئەم بڕە پارەیە بە نێوی قەرز بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە و قەرزەکەش لەسەر بودجەی ساڵی 2023، لە چوارچێوەی ئەم پڕۆژەیاسایەی کە ئێستا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە و دەنێردرێتە پەرلەمان و بڕیاریشە لە مانگی نیسان دەنگی پێبدرێت، هەژمار کراوە.”
یاریدەدەری مەسرور بارزانی وتیشی، ”لەم بەشەی کە بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، کە 12.67٪ی بودجەی گشتیی عێراقە، ئێمە هیوادارین شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووردا وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، ئەوکات مەسەلەی قەرزی 400 ملیار دینارەکەش لە چوارچێوەی ئەم یاسایەدا دەبێت.”
رێباز حەملان دەشڵێت، ئەو دەستکەوتە و پەسندکردنی پڕۆژەیاساکە تەنیا بە قسە ناکرێت و دەبێت لایەنە سیاسییەکان پەیوەندیی خۆیان لەگەڵ کوتلە بەهێزەکانی سوننە و شیعە لە پەرلەمان بەکاربهێنن، بۆ ئەوەی ئەم بەشە لە پڕۆژەیاسا کە تایبەتە بە هەرێمی کوردستان، بە باشی تێپەڕێت و کێشەی بۆ دروست نەکرێت.
رێباز حەملان جەختی لەوەش کردەوە، وردەکارییەکانی پڕۆژەیاساکە لە بەرژەوەندیی خەڵکی هەرێمی کوردستان، پێشمەرگە، جووتیاران و مووچەخۆرانیشە.
سەبارەت بە خەرجکردنی 400 ملیار دینارەکە، رێباز حەملان گوتی: “پارەکە بۆ مووچە تەرخان دەکرێت و بۆ هیچ بابەتێکی دیکە بەکارنایەت.” گوتیشی: “مووچە لە کاتی خۆیدا دابەش دەکرێت.”