شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

شارەزایەکی بواری کەشناسی ئاشکرایکرد کە شەپۆلێکی دیکەی بارانی بەلێزمە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

ئەمڕۆ شەممە 2023/3/11 ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی رایگەیاند: “ئەگەر ھەیە لە رۆژی سێشەممەوە 14ی ئەم مانگە ناوچەکانمان بکەوێتەوە ژێر کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆیەکی دەریای ناوەراست و بارستە ھەوایەکی شێداری گەرمی لەگەڵدا دەبێت کە لە وڵاتی سووریاوە کاریگەری ئەم شەپۆلە بۆ سەر ناوچەکانمان درێژ دەبێتەو”.

راشیگەیاند: “سەرەتا لە رۆژی سێشەممە 14ی مانگ لە سنووری پارێزگای دھۆک کاریگەری دەبێت بە بارانبارینی پچر پچر و لەناوچە شاخاوییەکانی پارێزگاکەشدا بە تاوە بارانی بەخور و بەلێزمە، دواتر بۆ رۆژی چوارشەممە 15ی مانگ ئەگەر ھەیە حاڵەتەکە بەھێزترببێت بەتایبەت لەسەر سنوری پارێزگای دھۆک بە چالاکبوونی ھەورە تریشقەی بەھێز و بارانی بەلێزمە و زۆر کە لەھەندێ ناوچەی سنوورەکەدا ببێتە ھۆکاری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو، دوا بەدوای ئەوە ھەر لەرۆژی چوارشەممە کاتە جیاوازەکانی نیوەرۆ بۆ شەو کاریگەری فراوانتر دەبێت بۆ سنووری پارێزگای ھەولێر و ئیدارەی راپەرین و سنووری پارێزگای کەرکووک، سلێمانی، ھەڵەبجە و گەرمیان بە تاوە بارانی بەخوڕ و ھەورە تریشقە بەرێژەی جیاواز لەھەر ناوچەیەکدا کاریگەری دەبێت”.

ئاماژەی بەوەشداوە: “بۆ رۆژی پێنجشەممە 16ی مانگ کاریگەری بارستە ھەوا شێدارەکەی باشور کەمدەبێتەوە و سەنتەری نزمەپاڵەپەستۆکەی دەریای ناوەراست دەگاتە ناوچەکانمان کە بارستە ھەوایەکی ساردی لەگەڵدایە بەشێوەیەکی لاواز بۆ مامناوەند بارانی پچر پچر بەردەوامی دەبێت لەگەڵ نزمبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما و دەستپێکردنەوەی بەفر بارین لەناوچە شاخاوییە بەرزەکاندا”.

ھەواڵی زیاتر