ئەمڕۆ شەممە 2023/3/11، لە یادی 32 ساڵەی رزگارکردنی شاری هەولێر، پەردە لەسەر پەیکەری شەهید خەجە باوە لادرا، کە لەکاتی هێرشکردنە سەر دامودەزگاکانی بەعس لە راپەڕینی ساڵی 1991 لە هەولێر شەهید بوو.
خەجە باوە، یەکەم خانمە شەهید و سیمبولی راپەڕینی ساڵی 1991ی باشووری کوردستان، لە ساڵی 1945 لە گوندی مەلا قەرەی دەشتی هەولێر لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر لە دایکبووە.
جیا لە خۆی، خوشک و برا و مامەکانی گیانیان بەختکردووە.
وەک رێزلێنان لە خەبات و ئازایەتی ئەو ژنە، ئەمڕۆ 13مین فێستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز بە پەردە لادان لەسەر پەیکەری شەهید خەجە باوە دەستیپێکرد.