دوو وانەی گرنگ لەناو ڕێككەوتننامەی 11ی ئاداری 1970

كە سەیری مێژووی لەدایكبوونی ڕێككەوتننامەی 11ی ئاداری ساڵی 1970 دەكەم، چەندین وانەی گرنگی تیا دەبینم، بەڵام دوو وانەیان زۆر بە گرنگ دەزانم، یەكێكیان بۆ ناوخۆمانە واتە بۆ ناو گەلی كوردستان و ئەوی دیكەشیان بۆ بەغدایە، جا ھەركەس و لایەك لە بەغدا برياربەدەست بێت، دوو وانەكەش بریتین لە:

1- پێش ڕێككەوتننامەی 11ی ئاداری ساڵی 1970 دابەشبوونی سیاسی لەناو جووڵانەوەی ڕزگاریی نەتەوەیی كوردستاندا ڕووی دابوو، بەشێكیان پارتی و خوالێخۆشبوو مستەفا بارزانی لە شاخ سەكردایەتیی دەكرد و بەشەكەی دیكەیان خوالێخۆشبوان مام جەلال و برایم ئەحمەد لە بەغدا! سەركردایەتیییان دەكرد.

گەرچی ڕژێمی كاربەدەستی ئەوكاتی عێراق، سەرەڕای ئەوەی كە 4 ساڵ بوو بەشێكی كورد چووبوونە پاڵ بەغدا و ئیدیعای شەرعییەتی نوێنەرایەتیكردنی كوردیان دەكرد، كەچی ئاخرییەكەی بەغدا ھاتە ناوپردانی بارەگای سەرۆك مستەفا بارزانی و لەگەڵ بارزانیدا ڕێككەوتننامەی 11ی ئاداری ساڵی 1970ی ئیمزا كرد، واتە بەغداش دانی بەوەدا نا كە ئەوەی بەڕاستی نوێنەرایەتیی جووڵانەوەی ڕزگاریی نەتەوەیی كورد دەكات، ئەو كوردانە نیین كە 4 ساڵە لە بەغدا و لە پەنا دەستی خۆیاندان، بەڵكوو ئەو كوردانەن كە لە ناوپردانەوە سەركردایەتیی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی كوردستان دەكەن.

ئەم وانەیە بۆ ئێستاش گرنگە، تۆ وەرە سەیر كە ئێستاش بەغدا پڕە لە كوردی عاشقانی بەغدا و ھەندێك لەو كوردانە ھیچ نەماوە كە لە بەرژەوەندیی بەغدا نەیكەن و نەیڵێن، كەچی بڕیارە سیاسی و ستراتیژیییەكانی تایبەت بە كوردستان و عێراقیش ئاخرییەكەی ھەر لە ھەولێرەوە و ھەتا ئێستاش ھەر لای سەرۆك بارزانیەوە دەدرێت.. باشە ئەوە بۆچی؟

وەڵامی ئەم پرسیارە و ئەم پەندە بۆ یەكێتییەكەی ئەمڕۆ و ئەوانەی دیكەش كە بێجگە لە دژایەتیكردنی كوێرانەی پارتی، ھیچ ئیشێكی دیكەیان نیە دەرس و پەندێكی باشە.

2- ڕژێمی ئەوكاتی عێراق چونكە لە قەناعەتی تەواوی خۆی و لە ئەنجامی بیركردنەوەی ستراتیژیی خۆی بۆ سەقامگیری و پێشكەوتنی عێراق ڕێككەوتننامەی 11ی ئاداری لەگەڵ كورد ئیمزا نەكردبوو، بەڵكوو وەك تاكتیكێك بۆ لەناوبردن و توانەوەی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازانەی كوردستان ئیمزای كردبوو، ھەر ماوەیەكی كەم دوای ئیمزاكردنی ئەو ڕێككەوتننامەیە دوو جار دوو ھەوڵی تیرۆركردنی دژی سەركردایەتیی سیاسیی كورددا یەكێكیان لە ساڵی 1971 و بۆ تیرۆركردنی مستەفا بارزانی و ئەوی دیكەشیان لە ساڵی 1970 بۆ تیرۆركردنی ئیدریس بارزانی، ئەوە جگە لە دەستكردن بە جێبەجێكردنی سیاسەتی تەعریب لە كەركووك و خانەقین و شنگال و بەزۆر دەركردنی كوردی فەیلی بۆ ئێران چونكە گوایا ئەوانە ئەسڵییان ئێرانییە و دەبێ بگەڕێندرێنەوە بۆ ئێران! دواتریش ھەر خۆی تاكلایەنە یاسایەكی بە ناوی یاسای ئۆتۆنۆمی بۆ ئەوەی خۆی پێی دەگوت (ناوچەی كوردستان بۆ حوكمی زاتی) دەركرد و لەو یاسایەدا ناوەڕۆكی ڕێككەوتننامەی 11ی ئاداری ساڵی 1970ی پووچەڵ كردەوە، بەڵام سەركردایەتیی سیاسیی كورد نەچووە ژێر باری قبووڵكرنی ئەو یاسا بەعسیە تاكلایەنە و شۆڕشی بەرپا كردەوە، ڕاستە دواتر كورد تووشی نسكۆ ھات، بەڵام عێراقیش جگە لەوەی نیوەی شەتوڵعەرەبی بە ئێرانی حەمەڕەزاشا دۆڕاند، دوای ئەوەش ڕژێمەكەشیان دۆڕاند و ئنجاش ئاخرییەكەی سەری خۆیان و ماڵ و منداڵیشیان خوارد!

ئەم دەرس و پەندەش بۆ بڕیاربەدەستانی ئەمڕۆی عێراق زۆر گرنگە كە پێویستە واز لە خۆدزینەوە لە جێبەجێكردنی دەستوور و ھەوڵی دەركردنی بڕیار و یاسای تاكلایەنە دژی كورد بێنن، چونكە ئەگەر سەدام حسێن بە بڕياری تاكلایەنە نیوەی شەتوڵعەرەبی دۆڕاندبێت و ئنجاش سەری خۆی و ڕژێمەكەی خواردبێت، بەڵام لەدوای ساڵی 2003یشەوە ھەتا ئێستا و ھەر بە بڕیاری تاكلایەنە و خۆدزینەوە لە جێبەجێكردنی دەستوور، بڕیاربەدەستانی عێراق زۆربەی زۆری عێراقیان دۆڕاندووە و سەری سەروەت و سامان و سیادەی عێراقیشیان خواردووە و تەنیا سەری خۆیان ماوە كە بیخۆن!

جەمال عەبدوڵا

ھەواڵی زیاتر