نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لێکۆڵینەوە لە ژەهراویبوونی کچانی قوتابخانەکان لە ئێران دەکات

ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لێکۆڵینەوە لە ژەهراویبوونی کچانی قوتابخانە لە ئێران دەکات.

ئاژانسی ڕۆشنبیری ڕێکخراوی نەتەوەکان ڕۆژی چوارشەممە 2023/3/8 نیگەرانیی خۆی لە گومانی ژەهراویبوونی هەزاران کچی قوتابخانەکان لە سەرانسەری ئێران دەربڕی و داوای لێکۆڵینەوەی کرد.

تا ئێستا ڕوون نییە کە ڕەنگە چ ماددەیەکی کیمیایی بەکارهاتبێت، ئەگەر هەبووبێت، هەروەها هیچ لایەنێک بەرپرسیارەتی هیرشەکانی لە ئەستۆ نەگرتووە و دەسەڵاتدارانیش هیچ گومانلێکراوێکیان دەستنیشان نەکردووە.

ئاژانسەکە لە تویتێکدا نووسیویەتی “داوای لێکۆڵینەوەی ورد و کردەوەی خێرا دەکات بۆ پاراستنی قوتابخانەکان و ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی خوێندکارە زیانلێکەوتووەکان”.

ئۆدری ئازولای سەرۆکی یونسکۆ ئاماژەی بەوەشکرد، “زۆر نیگەرانن لە ژەهراویبوونی کچانی قوتابخانە لە ئێران لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا و ئەمەش پێشێلکردنی مافی خوێندنی سەلامەتە”.

کاربەدەستانی ئێران دەڵێن: بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکان دەکەن و عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران داوای کردووە هەرکەسێک بە بەرپرسیار بزانرێت بە تووندی سزا بدرێت.

بەڵام دەسەڵاتداران سنووردارکردنی زیاتریان بۆ میدیای سەربەخۆ توندتر کردووەتەوە و ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان و کەسانی دیکەیان دەستگیرکردووە بەهۆی قسەکردن لەسەر ئەو ژەهراویکردنانەی کە گوایە ڕوویانداوە.

هەندێک لە بەرپرسانی ئێران بەبێ بەڵگە پێشنیاریان کردووە کە ناڕەزایەتییەکان و تۆمەتەکانی ژەهراویکردن بەشێکن لە پیلانێکی دەرەکی بۆ وروژاندنی نائارامی.

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی ناوخۆی ئێران دەستگیرکردنی چەند کەسێکی لە شەش پارێزگا ڕاگەیاند کە پەیوەندییان بەو ژەهراویبوونە گومانلێکراوانەوە هەیە.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دیاردەیەکی هاوشێوەی لە ئەفغانستان لە ساڵی 2009 تا 2012 تۆمارکردووە، کاتێک سەدان کچ لە سەرتاسەری وڵات گلەیییان لە بۆنی سەیر و ژەهراویبوون کرد.

ئەو کات هیچ بەڵگەیەک نەدۆزراوەتەوە کە پشتگیری لە گومانەکان بکات و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاندووە کە پێدەچێت “نەخۆشییەکی دەروونی بەکۆمەڵ” بێت.

ھەواڵی زیاتر