ڕوونکردنەوەیەک لە فازڵ میرانییەوە

نووسینگەی ڕاگەیاندنی فازڵ میرانی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: “ڕووداو و بڕیارەکانی نێوخۆیی یەکێتیی نیشتمانی تایبەتن بە خۆیان و بە هیچ شێوەیەک پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە”.

ئەمڕۆ یەکشەممە 5/3/2023، نووسینگەی ڕاگەیاندنی فازڵ میرانی لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند: “فازڵ میرانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی ڕووداو، سەبارەت بە بارودۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان وەڵامی هەندێ پرسیاری داوەتەوە و لەلایەکی دیکە سەبارەت بە بارودۆخی نێوخۆیی یەکێتیی نیشتمانی وەڵامی پرسیارەکانی داوەتەوە”.

ئاماژە بەوەشکراوە: “دیارە بۆ هەندێ بابەت خوێندنەوەی هەڵەی بۆ کراوە کە مەبەستی هەڤاڵ فازڵ میرانی ئەو لێکدانەوەیە نەبووە و، هەروەها چەند ڕستەیەکیش لەو چاوپێکەوتنە وەک گوتراوە بەکار نەهاتووە، بەڵکوو بە شێوەیەکی دیکە و مانای دیکەی پێبەخشراوە! لێرەوە ڕایدەگەیەنین ڕووداو و بڕیارەکانی نێوخۆیی یەکێتیی نیشتمانی تایبەتن بە خۆیان و بە هیچ شێوەیەک پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە و تەدەخولمان نەکردووە و تەدەخولیش ناکەین، ئەگەر لەوبارەیەوە لێکدانەوە هەبووبێت بۆچوونی شەخسیە، وا باشە ڕاگەیاندنیش بە ئەمانەتەوە مامەڵە لەگەڵ بیروڕای میوانەکانی بکات”.

ھەواڵی زیاتر