ڤیدیۆ.. ڕاگەیەنراوێک لە دژەتیرۆری کوردستانەوە

لەبارەی دەستگیرکردنی چەند کەسێک بەتۆمەتی “پەیوەندیکردن بە داعشەوە”، دژەتیرۆری کوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەوان بە فەرمانی دادوەر دەستگیرکراون و “تاوانباران هەڵگری بیرۆکەی گرووپی تیرۆریستیی داعش بوون و بەیعەتیان بەو گرووپە تیرۆریستییە داوە.”

ئەمڕۆ یەکشەممە، 05-03-2023، دژەتیرۆری کوردستان لەبارەی گردبوونەوەی کەسوکاری چەند دەستگیرکراوێک، کە 1ـی ئادار لەبەردەم دادگەی هەولێر ناڕەزاییان دژی دەستگیرکردنی کەسوکارەکانیان بە “تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ داعش” نیشان دا، روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەو گردبوونەوەیەی بەردەم دادگەی هەولێر بە “ئاراستەیەکی سیاسی بووە” و دەشڵێت، گردبوونەوەکە “تەنیا مەبەست لێی فشارخستنە سەر دادگەیە لەسەر کەیسی تیرۆرکردنی شەهید هاوکار جاف.”

روونکردنەوەکەی دژەتیرۆر دوای ئەوە هات کە لە گردبوونەوەکەیاندا لەبەردەم دادگەی تێهەڵچوونەوەی هەولێر باوکی یەکێک لە دەستگیرکراوەکان گوتی، کوڕەکەی لەژێر ئەشکەنجەدا دانی بە تاوانەکەی دا ناوە و رایگەیاند، دەستگیرکراوەکان “هیچ پەیوەندییەکیان بە داعشەوە” نەبووە.

دژەتیرۆری کوردستان ئەو قسانە رەتدەکاتەوە کە دەستگیرکراوەکان ئەشکەنجەدرابن و دەڵێت، “تاوانباران پارێزەریان هەبووە و مافی کەسوکارەکانیان بووە سەردانیان بکەن و بەهیچ شێوەیەک ئەشکەنجە و ئازار نەدراون و لەژێر هیچ فشارێکدا دانپێدانانیان لێ وەرنەگیراوە.”

لە روونکردنەوەکەی دژەتیرۆردا ئەوەش هاتووە کە “تاوانباران هەڵگری بیرۆکەی گرووپی تیرۆریستی داعش بوون و بەیعەتیان بەو گرووپە تیرۆریستییە داوە و لە پەیوەندیدابوون لەگەڵیان و لە لایەن بەرپرسێکی ئەو گرووپە تیرۆریستییەوە بە ناوی (ابو شەهاب الکردی) فەرمانیان پێکراوە بەرلەوەی هەولێر جێبهێڵن و هیجرەت بکەن بۆ ناو ریزەکانی داعش، کردەوەیەکی تیرۆریستی لە شاری هەولێر ئەنجام بدەن.”

لە بەشێکی روونکردنەوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆردا هاتووە کە ئەو گردبوونەوەیەی کەسوکاری دەستگیرکراوەکان “بە ئاراستەی لایەنێکی سیاسی کراوە و تەنیا مەبەست لێی فشارخستنەسەر دادگەیە لەسەر کەیسی تیرۆرکردنی شەهید هاوکار جاف کە پەڕاوەکانی تۆمەتبارانی ئەو کەیسە لە 19ـی شوباتی 2023 رەوانەی دادگەی تاوانەکان کراوە.”

ئەو گردبوونەوەیە دوای ئەوە هات کە دژەتیرۆری کوردستان هەریەکە لە “‘نجدت نجات محەممەد، شازاد مەحموود قادر، رەدوان سامی سەعدی، پەیوەند فازڵ عەبدولڕەحمان، محەممەد جەوهەر ئیبراهیم، یونس مەجید خزر، یاداشت جەواد عەبدوڵڵا’ ـی بە تۆمەتی پەیوەندیکردن بە گرووپی تیرۆیستی داعش و بە فەرمانی دادوەر” دەستگیرکرد.

ھەواڵی زیاتر