روونکردنەویەک لە پارێزگاری دهۆکەوە

رۆژی شەممە 2023/3/4 عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، دەربارەی ئەو پزیشکەی دوێنێ لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا باسی کێشەی نێوان خۆی و کەسانێکی دیکەی کرد، ڕوونکردنەوەیەکی دا.

پارێزگاری دهۆک ڕایگەیاند: ”لەسەر بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم پرێسکۆنفرانسەدا ڕایدەگەیەنین کە ئەو بابەتەی ڕووی داوە، بابەتێکی کۆنە و هیچ پەیوەندیی بە کار و پیشەی هیچ کەسێکەوە نییە، واتا نە پەیوەندیی بە هێزی پێشمەرگەوە هەیە، نە پەیوەندیی بە هیچ بەرپرسێکی حکومییەوە هەیە، نە پەیوەندیی بە هیچ بەرپرسێکی پێشمەرگەوە هەیە و نە پەیوەندیی بە هیچ پزیشکێشەوە هەیە، بابەتی مامەڵەیەک بووە لە نێوان چەند کەسێکدا کە لە ئەنجامی ئەو مامەڵەیە هەندێک کێشەی پارە و قەرز و بابەتی دیکە هاتووەتە ئاراوە.”

عەلی تەتەر راشیگەیاند: ”ئەو هاووڵاتییانەی کێشە کەوتووەتە نێوانیانەوە لەبری ئەوەی پەنا ببەنە بەر یاسا و لە ڕێی دادگاوە کێشەکانیان چار بکەن، بەداخەوە پەنایان بردووەتە بەر لێدان و کوتان و ئەوەش بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت، بۆیە ئەم بابەتە لە ڕێی دادگا و یاساوە چار دەکرێت و هیچ کەسێکیش لە دەرەوەی یاساوە نابێت.”

داواشی لە هاووڵاتییان کرد، پەلە نەکەن و فیشەک بە تاریکییەوە نەنێن.

ئاماژەی بەوەشکرد کە لیژنەی لێکۆڵینەوە بۆ ئەو بابەتە پێک هاتووە و لیژنەکە بەوردی لەو بابەتە دەکۆڵێتەوە و هەموو بابەتەکە لە ڕێی دادگاوە چارە دەکرێت، بەبێ ئەوەی هیچ کەسێک لە دەرەوەی یاسا بێت، هەق بۆ هەقدار دەگەڕێتەوە.

ھەواڵی زیاتر