ژەهرخواردکردنی کچان لە ئێران ڕوو لە هەڵکشانە

ژمارەی ئەو قوتابخانانەی قوتابییەکانیان ژەهراوی دەبن لە ئێران، رووی لە هەڵکشانە. 

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاویکردەوە، کە 27 قوتابی قوتابخانەی کچان لە شاری کاوەری سەر بە پارێزگای فارس دوای ئەوەی نیشانەکانی سکچوون و بێهێزییان هەبووە، گەیەندراونەتە نەخۆشخانە.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، 30 خوێندکاری دیکەی قوتابخانەیەکی کچان لە ئۆرمییە لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا دوای ژەهراویبوونیان گواستراونەتەوە بۆ ناوەندە پزیشکییەکان و ئاماژەی بەوەشکردووە، هۆکاری ژەهراویبوونەکە نادیارە.

گروپی چالاکوانانی 1500tasvir ڕۆژی شەممە هەواڵی هێرشی ژەهراوی بۆ سەر قوتابخانەکانی کچان لە چەند ناوچەیەکی دیکەی وڵات لەوان لە پارێزگاکانی تاران، گیلان و لوڕستان ڕاگەیاند.

ئەو ڤیدیۆیانەی کە لەلایەن 1500tasvir لە تویتەر بڵاوکراونەتەوە، دەریدەخەن خۆپیشاندەران لە دەرەوەی بیناکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی وڵاتەکە لە دوو ناوچەی تاران کۆبوونەتەوە.

لە یەکێک لە گرتە ڤیدیۆییەکان لە تارانەوە دەنگی ناڕازییان دەبیسترا کە دەیانگوت “دوژمنمان هەر لێرەیە؛ درۆ دەکەن کاتێک دەڵێن ئەمریکایە”

ھەواڵی زیاتر