مەسرور بارزانی کارکردنی یەکەم  پۆرتاڵی ڤیزای ئەلیکترۆنی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی كوردستان کارکردنی یەکەم پۆرتاڵی ڤیزای ئەلیکترۆنی ڕادەگەینێت

سەرۆکی حکومەت : 

ڤیزای ئەلیکترۆنی یەکێکە لە چەندین خزمەتگوزاریی دیکەی ئەم کابینەیە، کە بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و ئاسانکارییە بۆ کار و بازرگانی لە کوردستاندا. هەندێکیان لە چەند مانگی داهاتوودا ڕادەگەیەنرێن.

ئەمڕۆ چوارشەممە 2/22، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، کارکردنی یەکەم  پۆرتاڵی ڤیزای ئەلیکترۆنی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند، کە بەشێکی لە کارنامەی حکومەت لە بواری بەدیجتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و بە ئەلیکترۆنیکردنی کاروبارەکانی حکومەت کە بڕیارە تا کۆتایی ساڵی 2025 تەواو ببێت. 

بەم بۆنەیە، سەرۆکی حکومەت لە وتەیەکدا ڕایگەیاند، تەکنەلۆژیا و داتاکانی ئەم خزمەتگوزارییانە، ئاسانکاری دەکەن بۆ بەردەستخستنی خزمەتگوزاریی دیجیتاڵی زیاتر کە ڕێگە خۆشکەرن بۆ نوێکردنەوەی فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکانمان، هەروەها یارمەتیدەر دەبن لە دروستکردنی دەرفەتی بازرگانی نوێ لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان .

سەرۆکی حکومەت، ئاماژەی بەوە دا کە ڤیزای ئەلیکترۆنی یەکێکە لە چەندین خزمەتگوزاریی دیکەی ئەم کابینەیە، کە بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و ئاسانکارییە بۆ کار و بازرگانی لە کوردستاندا. هەندێکیان لە چەند مانگی داهاتوودا ڕادەگەیەنرێن.

سەرۆکی حکومەت هەروەها دەستخۆشی لە وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری کرد کە خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانیان لە پێشینەی کارەکانیاندایە و پابەندن بە کارنامەی وەرچەرخانی دیجیتاڵییەوە.

پۆرتاڵە ئه‌لیكترۆنییه‌ نوێیەکە (visit.gov.krd) ڕێگا بە سەردانکەران و وەبەرهێنەران دەدات کە بە شێوەی ئۆنلاین داوای ڤیزا بکەن، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ پەرەپێدانی گەشتوگوزار و وەبەرهێنانی بیانی لە هەرێمی کوردستان. هاوکات لەگەڵ ڤیزای ئەلیکترۆنیدا، چەندین سیستەمی دیکە بۆ باشترکردنی ئاسایشی سنوورەکان پەرەیان پێدراوە.

ھەواڵی زیاتر