دادگەی ئاسایشی هەولێر لە نامەیەکدا بۆ یەکێتی: لاهوور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی حیزبەکەتانە

دادگەی لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر بڕیاری کۆتایی لەبارەی دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی دا و بە “هاوسەرۆک” ناساندوویەتی و دەڵێت، بەپێی پەیڕەو و پرۆگرامی ناوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە لە کۆنگرەی چواردا پەسندکراوە یەکێتی دوو هاوسەرۆکی هەیە. بەپێی زانیارییەکانیش، سبەی لاهوور شێخ جەنگی کۆنفرانسی رۆژنامەوانی یان پەیامێکی ڤیدیۆیی لەوبارەیەوە دەبێت. 

بەپێی بڕیاری کۆتایی دادگەی لێكۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، کە لە نووسراوێکدا بە ژمارە 191 رۆژی دووشەممە 20ـی شوباتی 2023 ئاراستەی “یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان”ی کردووە، لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سیستمی هاوسەرۆکی پەیڕەو دەکرێت، بەو پێیەش لاهوور شێخ جەنگی “هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانە.”

لە نووسراوەکەی دادگەی لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر هاتووە: “ئاماژە بە نووسراومان ژمارە 104 لە رۆژی 1-2-2023، کە ئاراستەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق – بەڕێوەبەرایەتی کاروباری رێکخراوە سیاسییەکان لە بەغدا کراوە و نووسراوی کۆمیسیۆنی سەرەوە بە ژمارە (ش.ح.خ-س-6) لە 7-2-2023 کە ئاراستەی ئەم دادگەیە کراوە لە رێگەی (نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان) لە بەغدا و ئاماژە بە نووسراوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان – سەرۆکایەتی ژمارە 14 لە 21-2-2023 کە ئاراستەی ئەم دادگەیە کراوە و کۆنووس و پەیڕەو و پرۆگرامی ناوخۆی حیزبی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە چوارەمین کۆنگرەی خۆیاندا لە رۆژی شەممە لە رۆژی 21-12-2019 پەسندکراوە و دیاریکراوە کە ئەم حیزبە دوو هاوسەرۆکی هەیە، هەریەک لە بافڵ جەلال تاڵەبانی و لاهوور جەنگی بورهان بە پەسندکراوی بەدەستمان گەیشتووە، بەپێی یاسا و رێنماییەکان بەمشێوەیە مامەڵە لەگەڵ ئەم حیزبە دەکرێت و هەر زانیارییەکی دیکە هەبێت لەسەر ئەم بابەتە پێویستە بەنووسراو ئاگادارمان بکەنەوە.”

نووسراوەکەی دادگەی ئاسایشی هەولێر لەلایەن دادوەر ئەریڤان مستەفا محەممەد واژۆی لەسەر کراوە و سەرجەم نووسراوە ئاماژە بۆکراوەکانی نێو نووسراوەکەی لەگەڵدا هاوپێچ کراوە و وێنەیەکی بۆ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان نێردراوە.

بەپێی زانیارییەکان، نووسراوەکەی دادگە گەیشتووەتە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆ، هەروەها لاهوور شێخ جەنگیش ئاگادارکراوەتەوە، بڕیارە رۆژی رۆژی سێشەممە بۆ ئەو مەبەستە لە شاری سلێمانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی بە ئامادەبوونی دەزگاکانی راگەیاندن بکات، یان لە رێگەی پەیامێکی ڤیدیۆیی قسەی خۆی لەسەر بڕیاری کۆتایی دادگەی ئاسایشی هەولێر هەبێت و خۆی وەکو هاوسەرۆکی یەکێتی بناسێنێتەوە.

لە دوای بڕیارەکەی پێشووی دادگەی ئاسایشی هەولێر کە رۆژی 1-2-2023 دەرچووە و وەڵامی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقی داوەتەوە و لاهوور شێخ جەنگیی وەکو هاوسەرۆکی یەکێتی ناساندبوو، لاهوور شێخ جەنگی ژمارەیەک نووسراوی ئاراستەی بەرپرس و دامەزراوەیەکی یەکێتی و کۆنسوڵخانە و شوێنی دیکەش کردبوو و خۆی بە هاوسەرۆکی یەکێتی ناساندووە.

رووداو

ھەواڵی زیاتر