زیاتر لە ٤١ هەزار کەس بەهۆی بوومەلەرزەکەی تورکیا گیانیان لەدەستدا داوە

بەرپرسانی تورکیا ئەمڕۆ دووشەممە 2023/2/20 لە دوایین ئاماری کارەساتە سروشتییەکەدا ڕایانگەیاند، بەهۆی ئەو دوو بوومەلەرزە بەهێزەی کە لە ٦ی شوباتدا باشووری تورکیای هەژاندووە، ٤١ هەزار و ١٥٦ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٠٥ هەزار و ٥٠٥ کەسیش برینداربوون.

ئەو بوومەلەرزەیە بە گوڕی ٧.٧ و ٧.٦ پلە و ناوەندەکەی لە پارێزگای مەراش بووە، زیاتر لە ١٣ ملیۆن کەسی لە سەرانسەری ١١ پارێزگادا گرتەوە، لەوانە ئەدانە، ئادیامان، دیاربەکر، غازی عەنتاب، هاتای، کیلیس، مەلاتیا، عوسمانییە، سانلیورفا و ئێلازیگ.

هەروەها چەندین وڵاتی ناوچەکە لەوان سوریا و لوبنان هەستیان بەو لەرزینە بەهێزە کرد کە لە ماوەی کەمتر لە ١٠ کاتژمێردا تورکیای گرتەوە.

یونس سێزەر، سەرۆکی سەرۆکایەتی کارەسات و فریاکەوتنی تورکیا (ئافاد) لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە ئێستادا زیاتر لە 250 هەزار کارمەندی گەڕان و فریاگوزاری لەو مەیدانەدا کاردەکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا لانیکەم ٤٨٥ هەزار و ٦٨٢ کەس لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان چۆڵکراون.

سێزەر هەروەها وتی زیاتر لە 3200 کارمەندی بیانی لە وڵاتانی جیاوازەوە لە ئێستادا بەردەوامن لە کارکردن لەو بوارەدا.

ھەواڵی زیاتر