لەسەر راپرسییەک دەرباری قەوارەی ھەرێم، کۆمپانیاکە روونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە

روونکردنەوە

کۆمپانیای شیکار بۆ توێژینەوە و راپرسی ساڵی ٢٠١٠ دامەزراوە. بنکەی سەرەکی لە شاری هەولێرە و لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراقدا تیمی راپرسی و کۆکردنەوەی داتای (چەندێتی و چۆنیەتی) هەیە کە بەشێوەیەکی پیشەییانە لە بواری توێژینەوەی مەیدانیدا راهێنراون.
کۆمپانیای شیکار جگە لە چالاکیەکانی لەبواری توێژینەوەی بازاڕدا Market Research، وەک بەشێک کە بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی سەرشانی خۆی، هەمیشە بە پێشکەشکردنی داتا و زانیاری و راپرسی فرەچەشن لە بوارەکانی ( هەڵبژاردن، متمانەی سیاسی، کۆچی گەنجان بۆ هەندەران و پەروەردە و پرسە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکاندا) لەسەر ئەرکی خۆی توێژینەوەی بەردەوامی ئەنجامداوە و پێشکەش بە رای گشتی و ناوەندە ئەکادیمیەکان و ناوەندەکانی بڕیار کردووە، بۆ ئەوەی بۆ بەرژەوەندی گشتی سوودی لێ ببینن.
ئێمە دووپات دەکەینەوە کە ئەم کۆمپانیایە، کۆمپانیایەکی ١٠٠% ئەهلییە و لەلایەن (مراد حکیم، رابەر تەڵعەت و مەهدی حەسەن)ەوە خاوەندارێتی دەکرێت و ساڵانە باج دەداتە فەرمانگەی باج و دەرامەتی حکومەتی هەرێم. کۆمپانیای شیکار راپرسی لە ماوەی کارکردنیدا ژمارەیەکی زۆر پرۆژەی راپرسی و توێژینەوەی بۆ ناوەندە جیهانی و ناوخۆییەکان ئەنجامداوە هەروەکو لە سایتەکەشدا ئاماژە بە لیستی ژمارەیەک لەو بڕاند و رێکخراو و دامەزراوانە کراوە. شیکار راپرسی لە سەر بنەمای بابەتیبوون و بێلایەنی و بەپێی میتۆدە زانستییەکان کارەکانی ئەنجامدەدات و ئامادەیە بەپێی گرێبەست کاری توێژینەوە و راپرسی بۆ هەموو دامەزراوە فەرمی، نافەرمی، ئەکادیمی، بازرگانییەکان بکات و رەچاوکردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستانیش پێشمەرجی کارکردنمانە.
هەر لێرەوە دەمانەوێ بڵێین دوا راپرسی ئێمە کە مشتومڕێکی لە شەقامدا دروست کردووە لەسەر بنەمایەکی زانستی ئەنجامدراوە و هیچ بەرژەوەندی شەخسی و سیاسی تێدا نەبووە. بەداخەوە راپرسییەکە وەکو گشت ناخوێندرێتەوە بەڵکو تەنیا ئاماژە بە بەشێکی زۆر بچووکی دەکرێت و بەلارێدا دەبرێت، پێمان ناخۆشە بۆ مەرامی سیاسی و حزبی بەکار بێت و رێگەش نادەین کۆمپانیاکەمان بدرێینە پاڵ هیچ لایەن و کەسایەتییەکی ناوخۆیی یان بیانی و ئەگەر پێویستیشی کرد بۆ پاراستنی ناوبانگی پیشەیی خومان پەنا بۆ دادگاکان دەبەین.

کۆمپانیای شیکار راپرسی

ھەواڵی زیاتر