سەرۆک مەسعود بارزانی، ئەمڕۆ لە میانی گوتارێکیدا، ئەوەی خستەڕوو کە لە پێناو پتەوترکردنی بەها و پڕەنسیپ و ئامانجە باڵاکان، چاکسازی و گۆڕانکارییەکانی ناو پارتی بەردەوام دەبن.
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، سەرۆک بارزانی هێمای بە ڕاسپاردە و دەرئەنجامەکانی کۆنگرەی چواردەی پارتی دا و جەختی لەوە کردەوە، کە دەبێ پارتی بۆ ئەو ئامانج و پڕەنسیپانە بگەڕێتەوە کە لە پێناوی دامەزراوە.
رۆژی چوارشەممە، 15ـی شوباتی 2023، سەرۆک مەسعود بارزانی لە پیرمام لەگەڵ سەرکردایەتیی هەردوو رێکخراوی یەکێتیی قوتابیان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە. لە سەرەتای ئەو کۆبوونەوەیەدا کورتەیەک لەبارەی کار و چالاکییەکان و ئامادەکارییەکان بۆ بەستنی کۆنگرەی هەردوو رێکخراوەکە پێشکێش کرا.
دواتر سەرۆک بارزانی گوتەیەکی پێشکێشی ئامادەبووان کرد و سەرەتا بە بۆنەی نزیکبوونەوەی 18ـی شوبات و 70ـیەمین ساڵیادی دامەزراندنی هەردوو رێکخراوی یەکێتیی قوتابیان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستانەوە پیرۆزبایی لە لاوان و قوتابیان کرد و هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی بۆ خواستن.
سەرۆک بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە گرنگیی رۆڵی قوتابیان و لاوان لە پێگەیاندنی کادیران بۆ بەردەوامیی خەباتی سیاسی و حیزبی، داوایکرد هەردوو رێکخراوەکە بە پلانێکی روون بۆ ئاییندە و بە رۆحێکی هەڤاڵینی و نیشتمانپەروەرانە و لەپێناو یارمەتیدانی پڕۆسەی پەروەردە و پێگەیاندنی لاوان و قوتابیان کۆنگرەی خۆیان ببەستن، وەک لە راگەیێندراوی بارەگای بارزانیدا هاتووە.
بەپێی راگەیێندراوەکە؛ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆک بارزانی هێمای بە راسپاردە و دەرئەنجامەکانی کۆنگرەی 14ـی پارتی دا و جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت پارتی بۆ ئەو ئامانج و پرەنسیپانە بگەڕێتەوە کە لە پێناوی دامەزراوە. سەرۆک بارزانی هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە چاکسازی و گۆڕانکارییەکانی ناو پارتی بەردەوام دەبن لە پێناو پتەوترکردنی بەها و پرەنسیپ و ئامانجە باڵاکان.
لە قسەکانیدا سەرۆک بارزانی بەشێک لە گوتارەکەی بۆ قوربانییانی بوولەمەرزەکەی باکوور و رۆژئاوای کوردستان و تورکیا و سووریا تەرخانکرد و هاوبەشیی خۆی بۆ خەم و ئازاری زیانلێکەوتوانی بوومەلەرزەکەی هەفتەی رابردوو دووپاتکردەوە و پێزانینیشی بۆ هاوکاری و بەدەنگەوەچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگای خێرخوازیی بارزانی و تێکڕای خەڵکی کوردستان بۆ زیانلێکەوتوانی بوومەلەرزەکە هەبوو.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا دۆخی سیاسیی عێراق و دۆخی نێوخۆی هەرێمی کوردستان تەوەری دیکەی گوتەکەی سەرۆک بارزانی بوون و لەوبارەیەوە بەرچاوڕوونیی پێویستی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو.