نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ دەربڕینی هاوخەمی بەهۆی بوومەلەرزەکەی 6ی شوبات، گەیشتە دیلۆکی باکووری کوردستان و گوتی، لە هەموو ماڵەکانی کوردستان پرسەیە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەمڕۆ سێشەممە، 14ی شوبات، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی چەند شارێکی دیکەی باکووری کوردستان دەکات کە لە بوومەلەرزەکەی رۆژی 6ی شوباتدا زیانیان بەرکەوتووە. هاوکات لەگەڵ تیمەکانی گەڕان و فریاگوزاری هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
نێچیرڤان بارزانی لە دیلۆک سوپاسی سەرۆکی شارەوانیی دیلۆک کرد و گوتی، سەردانەکەیان بۆ دەربڕینی خەمخۆریی و وەفادارییە بۆ خەڵکانی لێقەوماو.
بە ناوی سەرۆک بارزانی و خەڵکی کوردستانەوە، نێچیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لەو ماڵباتانە کرد کە “ئازیزانیان” لەدەستداوە. هەروەها هیوای چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواست.